شەڕ و ئاڵۆزیی لە باشووری سودان هەروا درێژەی هەیە و ژمارەی کەسانی مەدەنی کە بەناچاری ماڵەکانیان بەجێ ھێشتووە، گەیشتە ١٨٠ ھەزار کەس، ژمارەی ئەو کەسانەی لە کەمپی نەتەوە یەکگرتووەکانیش دەمێنەوە گەیشتە ٧٥ ھەزار کەس.
مارتن نەسرکی، گوتەبێژی سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان رایگەیاند: ئەو شەڕەی دوو حەفتە زیاترە لە باشووری سودان هەڵایساوە و تا دێت زیاتر کاریگەری لەسەر کەسانی مەدەنی دەکا.
نەسرکی دەڵێ، بەھۆی ئەو بارودۆخەوە ١٨٠ ھەزار کەس شوێنی نیشتەجێبوونیان بەجێ ھێشتووە، لەناو ئەو ژمارەیە ٧٥ ھەزار کەس لە کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گیرساونەتەوە.
ھەروەھا دەڵێ بێجگە لەو کەسانەی لەناو کەمپەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان دەگیرسێنەوە، دەزگا فریاگوزارییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان، خواردن بۆ ١٠٦ ھەزار کەسی دیکە دابین دەکەن. بۆ دابینکردنی لانیکەمی پێویستییەکان پێویستییان بە ١٦٦ ملیۆن دۆلار ھەیە.
نەسرکی لەبارەی رەوشی ئەمنی ئەو وڵاتە، رایگەیاند: بە گوێرەی ئەو زانیاریانەی لە UNMISS کە رۆڵی نەتەوە یەکگرتووەکان دەبینێ لەو وڵاتە، گروپێکی چەکدار، لەشاری ژۆنگلا بەرەو بۆر ملی رێگایان گرتۆتەبەر. هێشتا ھیچ زانیارییەک لەسەر ژمارەیان لەبەر دەستدا نییە، بەڵام هێزە ئاسایشپارێزەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتۆتە ئەو شارە و رێوشوێنی ئەمنیان
راگەیەنراوە بان کی مۆن، سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لە نزیکەوە چاودێریی پرسی باشووری سودان دەکا.
باشووری سودان کە تازەترین وڵاتی جیھانە، دوو حەفتە زیاترە بۆتە ناوەندی شەڕێکی قورس کە تێیدا زیاتر لە ھەزار کەس بوونەتە قوربانی لە نێوان لایەنگرانی سەرکۆمار سێلڤاکیر و جێگری سەرکۆماری لەسەر کارلابراو ریەک ماچەر.