Zana Natık Kerem
25 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 26 تشرینی یەکەم 2018
بەغدا ــ AA
دوای ئەوەی دوێنێ چوارشەممە، عادل عەبدولمەھدی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ سوێندی یاسایی خوارد، ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پۆستەکەی دەستبەکاربوو.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق، عادل عەبدولمەھدی راگەیەندراوێکی لە بارەی دەستبەکاربوونی ناوبراو وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ بڵاوکردەوە.
لە راگەیەندراوێکدا کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، ئاماژە بەوەدراوە ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکوەزیرانی نوێ، عادل عەبدولمەھدی و سەرۆکوەزیرانی پێشوو، حەیدەر عەبادی رێورەسمی رادەستکردن و وەرگرتنی پۆستە وەزارییەکان بەڕێوەبرد.بەپێی راگەیەندراوەکە دوای رێورەسمەکە، عادل عەبدولمەھدی وەک سەرۆکوەزیرانی نوێ دەستبەکاربوو.
دوێنێ چوارشەممە لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە کۆی ٢٢ وەزیری کابینەکەی عەبدولمەھدی، ١٤یان متمانەیان پێ بەخشرا.
ھەر لە دانیشتنەکەی دوێنێ چوارشەممەدا، سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، عادل عەبدولمەھدی لە ئەنجوومەنی نوێنەران، سوێندی یاسایی خوارد.
ھاوکات ھەر لە دانیشتنەکەی دوێنێی ئەنجوومەنی نوێنەراندا، ١٤ وەزیریش لەگەڵ عەبدولمەھدی-دا سوێندی یاساییان خوارد.
دوای سوێندخواردنەکەش، بڕیاردرا شەشی تشرینی دووەم دانیشتنی داھاتوو بۆ دەنگدان لەسەر وەزیرەکانی دیکە ساز بکرێت.
لە دووی مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو سەرکۆماری عێراق بەرھەم ساڵح، سیاسەتمەداری سەربەخۆی شیعە، عادل عەبدولمەھدی بۆ پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت راسپاردبوو.