Zana Natık Kerem
06 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 06 کانوونی دووەم 2019
بەغدا ـ AA
فراکسیۆنی سائروون لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە لە لایەن سەرکردەی رەوتی سەدر، موقتەدا سەدر پشتیوانی لێدەکرێت رایگەیاند کە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە شاری بەغدا، رەتدەکەنەوە.
دوێنێ شەممە لە چەند وێنەیەکی نوێی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ھاوپەیمانیەتی نێودەوڵەتی دژ بە داعش لە عێراق، جەنەرال ئۆستن رینفۆرد بڵاوکرابووەوە کە بە یاوەری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی بەغدا، جەلیل روبێعی لە شەقامی موتەنەبی ناوەڕاستی بەغدا دەسواڕیەوە کە ئەوەش توڕەبوون و ناڕەزایی لێکەوتەوە.
لەمبارەیەوە گوتەبێژی فراکسیۆنی سائروون، حەمەدڵڵا رکابی لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە ژمارەیەک لە میدیاکان ھەواڵی بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا بڵاوکراوەتەوە و راشگەیاندراوە کە ژمارەیەک لەو ھێزانە لە شەقامی موتەنەبی سوڕاونەتەوە.
حەمەدڵڵا رکابی جەختی کردووەتەوە کە بوونی ھێزەکانی ئەمریکا لە بەغدا بەرەنگاری ئیرادەی نیشتمانی، ھەروەھا پێشێلکارییەکی نوێی سەرەوەری عێراقە، ھەڵسوکەوتێکی خراپە بۆ ئاشکراکردنی رووی قێزەونی ئەمریکا کە ھەموو یاسا و دابونەریتە نێودەوڵەتییەکان پێشێل دەکات.
گوتەبێژی فراکسیۆنی سائرون، حەمەدڵڵا رکابی راشیگەیاندووە"لە کاتێکدا ئێمە ئەم ھەڵسوکەوتە ناڕەواییەی ھێزەکانی ئەمریکا رەتدەکەینەوە، داوا لە حکوومەتی عێراق دەکەین روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە، بۆ گەلی عێراق و رای گشتی بڵاوبکاتەوە".
تا ئێستا ھیچ روونکردنەوەیەک لەوبارەیەوە لە لایەن حکوومەتی عێراقەوە بڵاونەکراوەتەوە.