Zana Natık Kerem
22 نیسان 2017•نوێکردنەوە: 24 نیسان 2017
سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەممار حەكیم رایگەیاند كە لەگەڵ تونس رێككەوتن لەسەر هاوكاری و هەماهەنگی بۆ رووبەڕبوونەوەی داعش و ئاڵوگۆڕی زانیاریی.
ئەم قسانەی عەممار حەكیم لە میانی كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هات كە لە دوای دیداری لەگەڵ سەرۆكی تونس، باجی قائید سبسی و وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە، خەمیس جهێناوی لە باڵیۆزخانەی عێراق لە پایتەختی تونس سازی كرد.
عەممار حەكیم دووپاتی كردەوە كە ئەم سەردانەی بۆ تونس هەلێكە بۆ پتەوكردنی پەیوەندییەكانی نێوان تونس و عێراق.
سەرۆكی فراكسیۆنی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی عێراق ئاماژەی بەوەش دا كە لە میانی دیداری لەگەڵ سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی تونس، محەمەد ناسر لەسەر كاراكردنی لیژنەی دۆستایەتی ئەنجوومەنی نوێنەران لە نێوان تونس و عێراق رێككەوتن.
عەممار حەكیم جەختی كردەوە لەسەر گرنگی پتەوكردنی هاوكاری ئابووری نێوان تونس و عێراق بەتایبەتیش لە بوارەكانی گەشتوگواور و وزە و پیشەسازی.
ئەم سەردانەی سەرۆكی هاوپەیمانی نیشتمانی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، عەممار حەكیم و شاندی یاوەری بۆ تونس لەچوارچێوەی گەشتیكدایە كە بۆ ژمارەیەك لە وڵاتانی عەرەبی دەستی پێكردبوو.
پێشتریش عەممار حەكیم و شاندی یاوەری سەردانی میسرـ یان كردبوو.