Zana Natık Kerem
17 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 17 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر ــ AA
لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند كە لە میانی ئەم هەفتەیەدا، دەنگ لەسەر یاسای هەڵبژاردنەكان دەدرێت.
لەمبارەیەوە ئەندامی لیژنەی یاسایی لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد غززی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانییدا ئاشكرای كردووە كە لایەنە سیاسییەكان لەسەر ئەوە رێككەوتوون كە ژمارەی بازنەی هەڵبژاردنەكان لە سەرتاسەری عێراق 83 بازنە بێت و گوتی:
"لە ناوەڕاستی ئەم هەفتەیەدا، لیژنەی یاسایی، یاسای هەڵبژاردەكان تەواو دەكات و رەوانەی سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی نوێنەرانی دەكات بۆ ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی سێشەممەی داهاتووی ئەنجوومەنی نوێنەران، بخرێتە دەنگدانەوە".
لەئێستادا گەورەترین ئاستەنگ لەبەردەم ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە یاسای نوێی هەڵبژاردنەكانە كە لە ساڵی رابردووەوە لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقە و بەهۆی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكانەوە لەسەر ناوەڕۆكی پڕۆژەیاساكە بە تایبەتیش فرەبازنەیی، تا ئێستا پەسەند نەكراوە.
پێشتر سەرۆكوەزیرانی عێراق، مستەفا كازمی رۆژی شەشی حوزەیرانی ساڵی داهاتووی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختە دیاری كرد و بەلێنی ئەوەی دا كار بكات بۆ ئەوەی هەڵبژاردنێكی بێگەرد لەژێر سەرپەرشتی نیودەوڵەتییدا بەڕێوەبچێت.