ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد: لە میساقی رێککەوتنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی کە سێ مانگ لەمەوبەر بە ئامانجی بەرقەرارکردنی ئاسایش و ئاشتی، کشاوەتەوە.
نوجێفی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیی دا گوتی: "لەبەر ئەوەی نوری مالکی ھەر لەیەکەمین رۆژەوە رێزی لەو رێککەوتنە نەگرت، خۆم دەکێشمەوە. چونکە سوپا لەگەڵ میللەت شەڕ دەکا. بە ھەماهەنگی ھەندێک لایەن کە لەناویاندا عەمار ئەلحەکیم سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی و ئەیاد سامەڕایی سەرۆکی گشتی پارتی ئیسلامی ھەبوو ئەو رێککەوتنە ئیمزا کرابوو."
ئوسامە نوجێفی دەڵێ بەر لەوەی نەمانی ئارامی و ئۆقرەیی ئەوەندە گەورە بێ، داوام لە لایەنە نیشتمانی و نەتەوەییەکان کرد، سوپا لەو شارانە بکشێتەوە کە مۆڵگەی دروستکردووە.
لەمبارەیەوە فراکسیۆنی موتەحیدون کە نوجێفی سەرۆکایەتی دەکا و ٤٤ پەرلەمانتاریان لە پەرلەمانی عێراق ھەیە، بە ئامانجی سەرکۆنە کردنی دەستتێوەردانی سوپای عێراق لە خۆپیشاندانەکانی ئەنبار، رۆژی دوو شەممە دەستیان لەکاری پەرلەمانتاری کێشایەوە.
زافر ئەلعانی، گوتەبێژی ئەو فراکسیۆنە، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی دا، رایگەیاند: بە ئامانجی سەرکۆنەکردنی ھەڵسوکەوتی ھێزە ئاسایشپارێزەکان لەبەرامبەر خۆپیشاندەرانی ئەنبار، یاداشتی دەست لەکار کێشانەوەیان رادەستی ئوسامە نوجێفی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کردووە.
پەرلەمانتار ئەحمەد ئەلعەلاوی کە پشتگیریی خۆپیشاندەرانی دەکرد لە دژی مالکی، لە ئەنجامی ھەڵکوتانە سەر ماڵەکەی لە شاری رومادی دەستگیرکرا و لە ئەنجامدا برایەکی ئەلعەلاوی و پێنج لە پارێزەرانی کوژران. بەھۆی ئەم رووداوانە ئاڵۆزییەکان زیاتر بوون. بۆ ئەمەش باری نا ئاسایی لەو شارە راگەیەنرا و ھەروەھا چوونە دەرەوەی رومادیش قەدەغەکرا.
بەھۆی ئەو ھەموو رووداوانە، سەرۆکوەزیرانی عێراقیش ھەڕەشەی سووتاندنی چادر بەسەر خۆپیشاندەران دەکا ئەگەر بێتو ھەردوو مەیدانی عیزە و شەرەف چۆڵ نەکەن.
ئێستا ھەموو ھۆکارەکانی پەیوەندیکردن لە تەواوی رومادی پچڕاون.