Azat Muhammet
17 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2016
نەینەوا - AA
فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی زێڕەڤانی رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنەکەی ئەمڕۆی ھێزەکانی پێشمەرگە لە میحوەری خازر بە سەرکەوتوویی کۆتایی ھات و ئۆپەراسیۆنەکان دژی تیرۆریستانی داعش لەلایەن ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق بەردەوام دەبن، تا کۆتایی ھێنان بە حوکمی تیرۆر لە تەواوی ناوچەکەدا".
فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی زێرەڤانی لیوا عەزیز وەیسی لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند: "لەم ئۆپەراسیۆنەی ئەمڕۆدا وەک ھەموو ئۆپەراسیۆنەکانی پێشووی ھێزەکانی پێشمەرگە بۆمان دەرکەوتووە کە تیرۆریستانی داعش لە بەرامبەر ھێزەکانی پێشمەرگەدا توانای بەرگریکردنیان نییە، ئەمجارەیش بۆمان دووپات بوویەوە کە بارودۆخی داعش لەوپەڕی خراپیدایە و لە پەلەقاژەی لە ناوچوونن، نەک ناتوانن رووبەڕوو ببنەوە، بەڵکو ناتوانن بەرگری لە بوونی خۆشیان بکەن".
لیوا عەزیز وەیسی لەبارەی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان بۆ سەر چەکدارانی داعش گوتی: "تا حوکمی داعش لە ناوچەکە مابێت ئۆپەراسیۆنەکانمان دژی تیرۆریستان و بیری تیرۆری بەردەوام دەبێت، چونکە تیرۆر ھێزێکە دژی مرۆڤایەتی و ھەموو بەھایەکی مرۆڤایەتی شەڕ دەکات، دەمانەوێت ئەو ھێزە لەناو ببەین، بێگومان بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەکان لە چوارچێوەی ھەماھەنگی لە نێوان ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش و ھێزەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق سەرکەوتووتر و تۆکمەتر دەبێت، ھەر ئۆپەراسیۆنێک کە ئەنجام بدرێت پێویستی بە ھەماھەنگی تەواو ھەیە لە ھەموو روویەکەوە".
فەرماندەی فەرماندەیی ھێزەکانی زێڕەڤانی دەڵێت: "تەواوی ئەو شوێنانە کۆنترۆڵکراونەتەوە کە لە پلانمان بۆی داڕشتبوو، ئەو گوندانەی لە قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ لە دەست داعش رزگار کراون برتین لە ھەریەک لە گوندەکانی بەدەنەی گەورە، بەدەنەی بچووک،باسخەرە و شاقوڵی، کابرلی، خرابە سوڵتان و تەرجەلە، جگە لەمەیش رووبەری ٢٠٠ کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە دەست تیرۆریستانی داعش پاککردووەتەوە، ئەمەیش یەکێکی دیکەیە لەو سەرکەوتنانەی ھێزەکانی پێشمەرگە تۆماری دەکەن".
لەبارەی رۆڵی ھاوپەیمانێتی دژی داعش دەشڵێت: "ھاوپەیمانێتی دژی داعش رۆڵێکی بەرچاوییان ھەبووە لە ئۆپەراسیۆنەکەدا، پێش ئەوەی یەکەم گولـلـەی ئۆپەراسیۆنەکە بەرووی تیرۆرستانی داعشدا بتەقێت لەلایەن پێشمەرگەوە فڕۆکە جەنگییەکانی ھاوپەیمانێتی دژی داعش بە ئاسمانی میحوەرەکان دەسوڕانەوە لە کاتی دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنەکە چاودێری ووردی بارودۆخەکەیان دەکرد و بۆردوومانی بنکە و بارەگا و ئۆتۆمبێلەکانی تیرۆرستانی داعشیان کرد".
ئەمڕۆ بەرەبەیانی زوو لە کاتژمێر پێنج و سی خولەک ھێزەکانی پێشمەرگە یەکەم گولـلـەی قۆناغی یەکەمی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵی بە رووی چەکدارانی داعشدا تەقاند، بە ھاوکاری ھێزەکانی ھاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش دوای چەند کاتژمێرێک لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی سەرکەوتنی تەواوی ئۆپەراسیۆنەکە لەلایەن ئۆپەراسیۆنەکە راگەیەندرا.
مووسڵ ناوەندی پارێزگای نەینەوا، دووەم گەورەترین پارێزگای عێراق لەرووی دانیشتووانەوە. لە ١٠ی حوزەیرانی ساڵی ٢٠١٤ لەلایەن چەکدارانی داعش کۆنترۆڵکرا، دوای تێپەڕبوونی دوو ساڵ زیاتر لەسەر حوکمی داعش لەو شارە، ئەمڕۆ پێشمەرگە یەکەم گولـلەی ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی مووسڵ بەرووی داعش تەقاند.