Mazın Asad
17 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 18 تشرینی یەکەم 2016
وەزیری دادی تورکیا بەکر بۆزداغ بەشداری لە بەرنامەیەکی کەناڵی تەرتە ھەبەر کرد و لەبارەی رۆژەڤەوە وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە.
بۆزداغ ئاماژەی بەوەدا کە لە ئێستادا یاسای پەنابەران لە جیھاندا ھەیە، بەڵام بە تەواوی پەیڕەو ناکرێت و راشیگەیاند لە رووی سیاسییەوە بڕیار لەسەر چارەنووسی پەنابەران دەدرێت.
وەزیری دادی تورکیا روونیشی کردەوە کە یاساکانی سەبارەت بە پەنابەران پشتگوێ خراوە و وڵاتان بەپێی بەرژوەندی خۆیان مامەڵە لەگەڵ یاساکانی پەنابەران دەکەن و گوتیشی: "تاکو ئێستا سێ ملیۆن پەنابەر لە سووریاوە بۆ تورکیا ھاتوون. ئەمە کاردانەوەی لە لایەن وڵاتانی دیکەش ھەیە. ھاوکات لە وڵاتانی دیکەش پەنابەر ھەیە. ئەگەر کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە رووی ماددی و بوارەکانی دیکەدا ھاوکاریی پەنابەرانی کردبایە، ئێستا جیھان لە دۆخێکی باشتر دەبوو، مردن، تراژێدیا و منداڵەکانی وەک ئایلان و کێشەکانی دیکە رووی نەدەدا، بەڵام بەداخەوە کاتێک سەیری رۆژئاوا دەکەین، لە جیاتی لە ئەستۆگرتنی پەنابەران، سنوورەکانیان بە دیوار دادەپۆشن و تێلبەندی دەکەن و خۆشگوزەرانی خۆیان دابەش ناکەن. ئەمە مردنی مرۆڤایەتی نیشان دەدات. لە لایەکی دیکەوە وڵاتێکی وەک تورکیا کە باوەشی بە پەنابەران داوە، تاکو ئێستا ١٥ ملیار دۆلاری لەبارەیەوە خەرج کردووە کە لەگەڵ خەرجییەکانی دامەزراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ئەمە دەگاتە ٢٥ تا ٣٠ ملیار دۆلار. ئەمەش لەکاتێکدایە کە خۆیان وەک مرۆڤ ئەرکەکانیان جیبەجێ ناکەن و لە لایەکیشدا پشتگیری پێویست بۆ ئەو وڵاتانە پیشکەش ناکەن کە پەنابەرانی لە ئەستۆ گرتووە. ئەمەش شەرمەزراییەکی دیکەیە".
-ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەدەستی داعش
بۆزداغ لەبارەی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی مووسڵ لەدەستی داعش، رایگەیاند رێکخراوی تیرۆریستی داعش، پرۆژەیەکی نێودەوڵەتییە.
وەزیری دادی تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە ٦٦ وڵات لە ئاسمانەوە بۆردوومانی ئەو رێکخراوە دەکەن و ھاوپەیمانییەکی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش پێکھێنراوە، بەڵام بوونی داعش ھێشتا بەردەوامە و زیاتر گوتیشی: "گشت زلھێزەکانی جیھان پێکەوە کۆبوونەتەوە و بەرەنگاریی ئەو رێکخراوە تیرۆریستییە دەبنەوە کە ئەم بەرەنگاربوونەوەیە ماوەی سێ ساڵە درێژەی ھەیە. ھێشتا بەرەنگاربوونەکە کۆتایی پێ نەھاتووە و نازانرێت کەی تەواو دەبێت. لەنزیکەی ١٥٠ وڵاتەوە شەڕخوازە بیانییەکان دێن و بەشداری لەشەری دژی ئەو رێکخراوە دەکەن. لێرەدا پێویستە بپرسین کە هاووڵاتیانی ئوستراڵیا، ئەمریکا، ئەورووپا و ئاسیا و رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، ئەفریقا کە خاوەن زمان، ئایین و کولتوور، و مەزھەبی جیاوازن، کێ بۆ مردن و کوشتن قایلیان دەکات بۆ ئەوەی بۆ عێراق و سووریا بێن؟ ئەم رێکخراوە تیرۆریستییە لە ماوەی سێ ساڵدا زمانی ئەو وڵاتانەی چۆن فێری تیرۆریستان کرد و ئەم پەیوەندییەی چۆن دروست کرد و ئەو مرۆڤانەی چۆن ھێنایە ئەوێ. ئەم رێکخراوە کە دوژمنی ھەموو کەسێکە، چەکی لە کوێ کڕیووە و چۆن بەکاری دەھێنێت. ئەگەر سەیر بکرێت ئەوە بەشێوەیەکی روون عێراق و سووریا لەسەر سەرچاوەکانی وزە، داعش وەک ئامرازێک بۆ ئەو ئامانجانەی پیلانیان بۆ داڕشتووە، بەکار دەھێنرێت و حسیابی دیکە لەسەر داعش دەبینرێت. تورکیا بەڕاشکاوانە ھەمیشە ئەمەی گوتووە. تورکیا لە لایەکەوە بەشێوەیەکی کاریگەر بەرەنگاریی داعش بووەوە و لە لایەکی دیکەوە رووی راستەقینەی ئەم پێکھاتەی ئاشکرا کردووە".
وەزیری دادی تورکیا لەبارەی رادەستکردنەوەی رێبەری رێکخراوی تیرۆریستی فەتحوڵڵاچی، فەتحوڵڵا گولەن، ئاشکرای کرد کە لە ٢٥ی ئەم مانگە سەردانی ئەمریکا دەکات و گوتیشی: "لە نێوان ئەمریکا و تورکیا رێککەوتننامەی ھاریکاری یاسایی و رادەستکردنەوەی تۆمەتباران ھەیە. داواکاریی ئێمە پەیرەوکردنی ئەم رێکەوتننامەیە بەشێوەیەکی بێلایەن بێ ھیچ پاساوێک".
بۆزداغ ھەروەھا گوتیشی: "ئوسامە بن لادن بۆ ئەمریکا چی بێت، فەتحوڵڵا گولەنیش بۆ تورکیا ھەمان شتە. ئەمریکا کاتێک لەچوارچێوەی پلانێکی نێودەوڵەتی چاودێری ئوسامە بن لادنی کرد، رەچاوی چ یاساییەکی کرد و چی لەو وڵاتانە ویست و ئەو وڵاتانە چیان بە ئەمریکا دا. ئێمەش ھەمان شتمان دەوێت".