ئەیاد عەلاوی دەڵێ عێراق بێ سەرۆكایەتی كۆمارە ئەوەش كاریگەریی خراپی ھەیە، بە توندیش رەتی دەكاتەوە كورد نیازی جیابوونەوەی لە عێراق هەبێ.
سەرۆكی ئیئتیلافی نیشتمانیی و سەرۆكوەزیرانی پێشووی عێراق، ئەیاد عەلاوی، لە مەڕاسیمی راگەیاندنی لیستەكەی بۆ ھەڵبژاردنی داھاتووی پەرلەمانی عێراق كە بڕیارە كۆتایی ئەم مانگە بەڕێوە بچێ، گوتی: "عێراق بە سەختترین كاتەكانیدا تێدەپەڕێ".
هاوكات ئاماژەی بۆ ئامارە رەسمییەكانی حكومەتی عێراق كرد لە بارەی دۆخی ئاسایش و گووتی "مانگانە نزیكەی ١٠٠٠ كەس لە عێراق شەھید دەبن، جگە لە برینداربوون و لەدەستدانی ئەندامانی جەستەی چەندانی دیكە".
عەلاوی پێداگریی كرد كە ئەوەی لە عێراق روو دەدات شەڕی ئەھلییە و گووتی "دەبێ حكومەتی عێراق دان بەوەدا بنێ، چونكە دۆخەكە بەرەو خراپتر لێكترازانی وڵاتەكە دەڕوات ئەگەر بارودۆخەكە چارەسەر نەكرێ".
بۆ وەرگرتنی وردەکاریی زیاتر (ھەواڵ، وێنە، ڤیدیۆ) ببن بە ئابوونەداری ئاژانسی ئانادۆڵو.