ههولێر- شوان سدیق
لیژنەی یاسای لە پەرلەمانی كوردستان، بەبێ پارتی و توركمان و مەسیحییەكان كۆبوویەوە، لەسەر راپۆڕتی پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە یەكی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم.
لەدانیشتنی ئەمڕۆدا ئەندامانی لیژنەی یاسای یەكێتی و گۆڕان ئامادەبوون واژۆ لەسەر راپۆڕتی پڕۆژە یاسای هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی بكەن و بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی رەوانە بكەن، بەڵام یەكگرتووی ئیسلامی ئەو واژۆیەی دواخست بۆ هەفتەی داهاتوو.
ئەم هەفتەیە ئەندامانی لیژنەی یاسایی بەردەوام لە پەرلەمانی كوردستان ئامادەبوون، بۆ ئەوەی لە كاتێكی زوودا راپۆرتی لیژنەكە سەبارەت بەهەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم ئامادە بكەن.
ئەمڕۆش ئەندامانی لیژنەكە لە فراكسیۆنەكانی گۆڕان و یەكێتی ئامادەبوون. دوای ئەوەی سەرۆكی فراكسیۆنی یەكگرتووی ئیسلامی ئەبوبەكر هەڵەدەنی واژۆكەی دواخست بۆ رۆژی یەكشەممەی داهاتوو، سواری ئۆتۆمبێلێكی تاكسی بوو و پەرلەمانی بەجێهێشت.
پاشان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا جێگری سەرۆكی لیژنەی یاسایی بەهار مەحموود رایگەیاند "رۆژی یەكشەممەی داهاتوو راپۆڕتەكە بەرز دەكەینەوە بۆ سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان".
ئەگەر راپۆڕتی لیژنەی یاسایی واژۆی زۆرینەی ئەندامانی لەسەربێت، سەرۆكایەتی پەرلەمان دوای هەڵسەنگاندنی تەواو كاتێك بۆ دانیشتنێكی نائاسایی پەرلەمانی كوردستان دیاری دەكات.
ئەندامی پەرلەمانی كوردستان، قارەمان قادر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایگەیاند "هەمواركردنەوەی یاسای سەرۆكایەتی هەرێم 14 رۆژی لەبەردەم ماوە. دواتر بەپێی یاسا ویلایەتی سەرۆكی هەریم تەواو دەبێت، هەڵبەتە ئەو پڕۆژەیە 15 رۆژی پێویستە بۆ ئەوەی سەرۆكایەتی هەرێم وەڵامی پەرلەمان بداتەوە، ئەگەر لە ئێستاش پەرلەمان پڕۆژەكە رەوانەی سەرۆكایەتی هەرێم بكات، بۆ ئەوەی سەرۆكی هەرێم واژۆی بكات، بێگومان هەر بۆشایی یاسایی دروست دەبێت".
قادر گوتی: "دوای چواردە رۆژی دیكە سەرۆكی ئێستای هەرێم مەسعود بارزانی یان دەبێتە سەرۆكی كاربەڕێكەر یاخود سەرۆكی پەرلەمان یوسف محەمەد، بەبڕیارێك كارەكانی سەرۆكی هەرێم بەڕێوە دەبات".
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی كوردستان، ئاماژەی بەوەشكرد دەبوو پەرلەمانی كوردستان، خێرابوایە لەسەر پرسی سەرۆكایەتی هەرێم بۆ ئەوەی نەگەینە ئەم قۆناغە بەداخەوە تازە وای لێ هات، حزبەكانیش دەبوو پابەندی یاسا و دەستاودەستكردنی دەسەڵات بوونایە".
گوتیشی: "ئەو لایەنانەی نایانەوێت یاسا سەروەربێت لە كوردستان ئەوان بەرپرسی یەكەمن لەدروستبوونی ئەم بارودۆخەی هەرێمی كوردستانی تێكەوتووە".
بەپێی یاسای ژمارە 19ی ساڵی 2013 ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعوود بارزانی لە 20ی ئابی 2013 بۆ دوو ساڵ درێژكراوەتەوە، لە 20ی ئەم مانگە كۆتایی دێت.
پۆستی سەرۆكی هەرێم لەدەست پارتی دیموكراتی كوردستاندایە و چەندین جار پارتی لەگەڵ گۆران و یەكێتی و كۆمەڵ و یەكگرتوو دانیشتنی ئەنجامداوە، دواترین دانیشتنی ئەو حزبە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بوو دوێنی چوارشەممە جێگری سەرۆكی پ.د.ك نێچیرڤان بارزانی سەردانی مەكتەبی سیاسی یەكگرتووی ئیسلامی كرد. كەچی كۆبوونەوەكان بەبێ ئەنجام ماونەتەوە.
كۆبوونەوەی پارتی دیموكراتی كوردستان لەگەڵ لایەنەكان لەكاتێكدایە، 23ی حوزەیرانی ئەمساڵ یەكێتی و گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی چوار پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواری یاسایی ژمارە 1ی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم پێشكەش بە سەرۆكایەتی پەرلەمان كرد و خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرا.
لە بەرامبەردا فراكسیۆنی پ.د.ك خاوەن 38 كورسی و سۆشیالیست یەك كورسی و ئاراستەی سێیەم یەك كورسی لەگەڵ فراكسیۆنەكانی توركمان و كلدان و ئاشووری و ئەرمەن كە خاوەنی 11 كورسین، 10 ئەندامیان لەگەڵ فراكسیۆنی پارتی بایكۆتی كۆبوونەوەی پەرلەمانیان كرد.
تا ئێستاش چوار لایەنەكە یەكێتی، گۆڕان، كۆمەڵ، یەكگرتوو پێداگیری لەسەر سیستەمی پەرلەمانی دەكەنەوە و چوار پڕۆژە یاسایان بۆ هەمواركردنەوەی یاسای ژمارە 1ی ساڵی 2005ی سەرۆكایەتی هەرێم داوەتە پەرلەمان بەڵام هەتا ئێستا پارتی دیموكراتی كوردستان كە خاوەنی 38 كورسی پەرلەمانییە رەتی دەكاتەوە، بەشداری لەو گفتوگۆیانە بكات بۆ هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و دەیەوێت لەدەرەوەی پەرلەمان بە سازانی هەموو لایەک پرسی سەرۆكایەتی هەرێم یەكلایی بكرێتەوە.
پڕۆژەی پ.د.ك ئەوەیە بارزانی بۆ دووساڵی تر لە پۆستەكەیدا بمێنێتەوە، هەروەها لە داهاتووشدا سەرۆكی هەرێم لە دەرەوەی پەرلەمان هەڵبژێردرێت، چوار لایەنەكەی تریش تا ئێستا كۆك نین لەگەڵ ئەو بۆچوونەی پارتی و دەیانەوێت سەرۆك دەسەڵاتەكانی تەشریفاتی بێت و لە پەرلەمان هەڵبژێردرێت، وەك ئەوە لە حکوومەتی عێراق دەبێنرێت.