كفری - ئارام بەختیار
ئەمڕۆ لەقەزای كفری بۆجاری دووەم خۆپیشاندانێك ئەنجامدرا بەمەبەستی داواكاری زیادكردنی كارەبا و ئاوی خواردنەوە بەڵام دووبارە هێرش كرایە سەر نووسینگەی كفری بەرەی توركمانی عێراقی، دوای هێرش كردنەكەش هێزەكەكانی پۆلیس گەیشتنە پێش بارەگاكە بۆ بڵاوە پێكردنی هێرشبەران، هەرچەندە بەرپرسانی بەرەی توركمانی لەكفری زانیاری پێش وەختیان هەبووە بۆ هێرش كردنەكە بەڵام هێزەكانی پۆلیس دوای هێرش كردنەكە گەیشتن.
بەرپرسی بەرەی توركمانی نووسینگەی كفری شاهین توركمان ئۆغڵو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "بەداخەوە ئەمڕۆ بۆ جاری دووەم هێرش كرایە سەر بارەگاكەمان كە ژمارەیەك هاووڵاتی بۆداواكاری كارەبا و ئاو خۆپیشاندانیان ئەنجامدابوو بەڵام نازانم ئەوە چی پەیوەندییەكی بە ئێمەوە هەیە كە هێرش دەكرێتە سەرمان، هەرچەندە ئێمە پێش وەخت هێزەكانی پۆلیسمان ئاگادار كردبوو چونكە دوای هێرشی یەكەم كە كرایە سەرمان هەڕەشەی ئاشكرامانیش لێدەكرا بەئۆتۆمبێلی نەناسراو، بەڵام بەداخەوە هێزەكانی پۆلیس دوای هێرش كردنەكە هاتن".
شاهین توركمان ئۆغڵو گوتیشی: "ئێمە داوی ئۆتۆمبێلێكی پۆلیسمان كردووە چونكە پاسەوانمان نییە بەڵام ئەو ئۆتۆمبێلەیان بەئێمە نەداوە، هەروەها ئێمە ئاگاداری ئایدن مەعرووف نوێنەری توركمانمان لەپەرلەمانی كوردستان كردووە بۆ ئەوەی نیگەرانی ئێمە بەرامبەر بەم هێرشانە بگەیەنێتە پەلەرمانی كوردستان".
هەر لەخۆپیشاندانەكەدا هێرشكرایە سەر تیمی ئاژانسی ئانادۆڵو لە كفری.