Azat Muhammet
19 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
دهۆک - AA
قایمقامى قەزای تەلەعفەر، عەبدولحال عەباس رایگەیاند "ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەلەعفەر زۆر نزیک بووەتەوە، رۆژ لە دواى رۆژ هاووڵاتییانى زیاتر لە شارەکە ئاوارە دەبن، زۆرینەى هاووڵاتییە شیعەکانى تەلەعفەر خۆیان گەیاندووەتە میلیشیاکانى حەشدى شەعبى و، ئەوانەشى ماونەتەوە زیاتریان تورکمان و عەرەبى سوننەن".
قایمقامى قەزای تەلەعفەر، عەبدولحال عەباس لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "رێککەوتن لە نێوان عێراق، ئەمریکا و تورکیا کراوە حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوەندى قەزاى تەلەعفەر بەشداریان پێ نەکرێت، بەڵکو تەنها لە سنوورى تەلەعفەر و کۆنتڕۆڵکردنەوەى گوندەکانى سەربە تەلەعفەر بەشدار دەبن، ئەمەیش بۆ دروست نەبوونى کێشەى تاییفییە لە ناوچەکە و هەروەها رێگە گرتنیشە لە پەرچە کردار و تۆڵە سەندنەوە لە نێوان پێکهاتەکانى تەلەعفەر".
گوتیشى: "پلانى کۆنتڕۆڵکردنەوەى تەلەعفەر تەواو بووە و بەم نزیکانە ئۆپەراسیۆنەکە لە چەندین قۆڵەوە دەستی پێدەکرێت و تەواوى خاکى تەلەعفەر لەژێر ستەمی تیرۆریستانى داعش رزگار دەکەین و ئەرکى سەرجەم هێزەکانى بەشدار لە ئۆپەراسیۆنەکە دابەشکراوە".
عەبدولحال عەباس ئاماژەى بەوەدا بۆیە نامانەوێت حەشدى شەعبى لە ئۆپەراسیۆنى کۆنتڕۆڵکردنەوەى ناوەندى شارۆچکەى تەلەعفەر بەشدار بێت تاوەکو هیچ تۆڵە سەندنەوەیەک دروست نەبێت، جگە لەمەیش تاوەکو هاوپەیمانى نێودەوڵەتى دژ بە داعش پاڵپشتى سوپاى عێراق بکەن، چونکە ئەگەر حەشدى شەعبى بەشدار بێت، هاوپەیمانان بەشدارییان نابێت لە ئۆپەراسیۆنەکە".
دەشڵێت "لەگەڵ ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا هەماهەنگی تەواومان هەیە بۆ پاراستنى گیانى هاوولأتییانى سڤیل لە کاتى بەڕێوەچوونى ئۆپەراسیۆنەکان".
- "زیاتر لە هەزار تیرۆریستى داعش ماون"
قایمقامى قەزایى تەلەعفەر پشت بەستن بە زانیارییە سەربازى و سەرچاوە ئەمنییەکان ژمارەى چەکدارانى داعش لە شارۆچکەى تەلەغفەر ئاشکرا دەکات و دەلێت "زیاتر لە هەزار تیرۆریستى توندڕەوى داعش لە شارۆچکەى تەلەعفەرن، بەشى هەرە زۆریشیان چەکدارانى بیانین لەوانە رووسى و چیچانى چەند وڵاتێکى ئەورووپى رۆژانە ئامادەکارى دەکەن بۆ شەڕێکى قورس و زۆرینەى خانوو شوێنە گشتییەکانى شارۆچکەکەیان بۆمبڕێژ کردووە".
لەبارەى ئاوارەبوونیشەوە عەبدولحال عەباس گوتى: "تا ئێستا زیاتر لە چوار هەزار کەس لە شارۆچکەکە ئاوارە بوون. لە ئێستاشدا کە کۆنتڕۆڵکردنەوەى شارۆچکەکە نزیکتر بووەتەوە لە هەر کاتێک خەڵکى زیاتر ئاوارە دەبێت".
قەزای تەلەعفەر یەکێکە لە گەورە قەزاکانى عێراق و سەربە پارێزگاى نەینەوایە و دەکەوێتە باکوورى رۆژئاواى پارێزگاکە، ژمارەی دانیشتووانى قەزاکە پێش کۆنتڕۆڵکردنى لە لایەن داعش نزیکەى ٢٠٠ هەزار کەس دەبوون، زۆرینەى هاووڵاتییانى شارەکە لە تورکمانى شیعە و سوننە و عەرەب و کورد پێکهاتووە. ماوەى سێ ساڵە لە لایەن چەکدارانى داعش کۆنتڕۆڵکراوە و لە ئێستاشدا سوپاى عێراق لە ئامادەباشیدایە بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوە و راوەدوونانى داعش لە ناوچەکە.