سلێمانی
وەفدەكەی بزووتنەوەی گۆڕان لەلایەن رێكخەری گشتی بزووتنەوەكە نەوشیروان مستەفا سەرۆكایەتی دەكرا، ئەوەش یەكەم سەردانی ئەو بەرپرسەی گۆڕانە دوای نۆ ساڵ بۆ بارەگای مەكتەبی سیاسی حزبە كۆنەكەی كە پێشتر پۆستی جێگری سكرتێری گشتی ئەو حزبەی لە ئەستۆ بوو، دواتر لە ساڵی 2006 دەستی لە كاركێشایەوە و لە ساڵی 2009 بزووتنەوەی گۆڕانی دامەزراند.
دوای كۆبوونەوەكە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا هەردوولا جەختیان لەسەر هەڵوێستەكانی پێشووی خۆیان كردەوە و داواشیان كرد هەرچی زووە گرژی و ئاڵۆزییەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە كۆتایی بێت و تۆپبارانی سنوورەكان رابگیرێت.
لە سەرەتای كۆنگرەكەدا بەرپرسی ژووری پەیوەندییەكانی دیپلۆماتی گۆڕان محەمەد تۆفیق رەحیم گوتی: "كۆبونەوەكە بەشێكە یان ئەڵقەیەكی ترە لە كۆبوونەوە دوو قۆڵییەكانی نێوان هەردوولا، تێیدا باسمان لەو كێشانە كرد كە ئێستا لە هەرێمی كوردستان هەیە و پێمان وایە پێویستە ئەو كێشانە لە نێو پەرلەمان و لیژنەكانی یاسایی باس بكرێن و مەرجەعییەت پەرلەمان بێت".
محەمەد تۆفیق رەحیم گوتی: "ئەم كۆبوونەوانە بەردەوامیان دەبێت بە شێوەی دوو قۆڵی و لەگەڵ لایەنەكانی تریش بۆ گەیشتنە ئەنجام".
بەرپرسەكەی گۆڕان جەختی كردەوە لەسەر ئەوەی لەگەڵ لایەنی یەكێتی مكوڕن لەسەر هەڵوێستی خۆیان لە بارەی پرسی سەرۆكایەتی هەرێم، ئەویش پێداگرییە لەسەر سیستمی پەرلەمانی و رێكخستنەوەی دەسەڵاتەكانی سەرۆكی هەرێم لە چوارچێوەی ئەو سیستمەدا.
بە گوتەی بەرپرسەكەی گۆڕان بەشێكی كۆبونەوەكانیان بۆ قسەكردن بووە لە بارەی دۆخی سنوورەكان و پێكدادانەكانی نێوان سوپای توركیا و پەكەكە، ئەو بەناوی هەردوو لایەنەكەوە داوای هەرچی زووتری راگرتنی بۆردومانەكانی بۆ سەر ناوچەی قەندیل كرد و ئاماژەی كرد بەوەی زیانمەندی یەكەم لەو هێرشانە دانیشتوانی مەدەنی ناوچەكەن.
گوتەبێژی مەكتەبی سیاسی یەكێتی نیشتمانی كوردستان عیماد ئەحمەد جەختی لەگوتەكانی بەرپرسەكەی گۆڕان كردەوە و گوتی: "مكوڕین لەسەر سیاسەتی خۆمان كە پێشتر ئاشكرامان كردووە و پێمان وایە كێشەكان بە دانیشتن چارەسەر بكرێن".
لەگەڵ نزیك بونەوەی كۆتایی هاتنی وادەی سەرۆكایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان مەسعود بارزانی لە رۆژی 20ی ئابی داهاتوو، گفتوگۆی لایەنەكان و هەنگاوەكان چڕتر دەبنەوە.
دوێنێ پارتی دیموكراتی كوردستان بەیاننامەیەكی بڵاو كردەوە و تێیدا جەختی لەسەر بەردەوامی گفتوگۆكان كردەوە بۆ گەیشتن بەسازانی نیشتمانی لەسەر ئەو پرسە.