ئەنقەرە
سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان پێش بەڕێكەوتنی بۆ چین و ئیندۆنێزیا، لە فڕۆكەخانەی ئەسەنبۆغا كۆنگرەیەكی رۆژنامەنووسی ساز كرد و وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و گوتی: "كۆمار و دەوڵەتی توركیا حەسابی خوێنی شەهیدانی لە تیرۆریستان، ئەو سیاسەتمەدارانەی پشتگیریان دەكەن، روشنبیر و رێكخراوەكانی مەدەنی دەپرسێت و هێز و توانای ئەمەیشی هەیە".
ئەردۆغان بە ناردنی رەحمەت بۆ گیانی فەرماندەی هێزی جەندرمەی ناوچەی مەلازگرد سەر بە پارێزگای مووش ئەرەسلان كولاكسیز كە دوێنێ لەبەردەم ژن و منداڵەكانی تەقەی لێكرابوو و كوژرابوو، دەستی بە قسەكانی كرد و گوتی: "داوای زوو چاكبوونەوەی بۆ هاوسەری كولاكسیز دەكەم كە لەو هێًرشەدا بریندار بووە و پرسە و سەرخۆشی خۆم ئاراستەی هێزەكانی سەربازی توركیا دەكەم. دوای ئەو هێرشە تەلەفۆنم بۆ سوپاسالار، پارێزگاری مووش و هاوسەری كولاكسیز كرد و زانیاریم لە بارەی ئەو هێرشەوە وەرگرت. جارێكی دیكە داوای رەحمەت بۆ پۆلیس، سەرباز، پاسەوانانی گوند و هەموو ئەو كەسانە دەكەم كە بە هۆی هێرشی تیرۆریستانەوە گیانیان لەدەستداوە و پێویستە هەر كەس بزانێت كە سوورین لەسەر شەڕی دژی تیرۆر و ئەو شەڕە بەردەوام دەبێت".
ئەردۆغان گوتی: "كۆماری توركیا خاوەن ئەو هێزەیە كە حەسابی خوێنی شەهیدانی لە تیرۆریستان، لایەنەكانی سیاسی كە پشتگیرییان لێ دەكەن، رۆشنبیر و رێكخراوەكانی مەدەنی بپرسێت و لەم بارەیشەوە بە هیچ شێوەیەك بەرەو دواوە هەنگاو نانین، ئەمە پڕۆسەیەكە و بەردەوام دەبێت و با خەڵكی ئێمە پشتڕاست بێت كە ئەو ناپاكانەی كە دەیانەوێت ئارامی خەڵك تاقی بكەنەوە و تەنگاویان بكەن رووبەڕووی سزای پێویست دەبنەوە و بڕوام وایە كە هەموو لایەنەكانی پەیوەندیداری دەوڵەت بە هۆشیاری و چاوكراوەییەوە ئەركی سەرشانی خۆیان بەپێی پێویست جێبەجێ دەكەن".
ئەردۆغان لە بەردەوامی قسەكانیدا گوتی: "دەبینم چەند كەس و لایەنێك شەڕی توركیا لە دژی تیرۆر خراپ بەكار دەهێنن، پێویستە هەر كەس بزانێت كە ئەو شەڕەی ئێستا توركیا لە باشوور، لە قەندیل و لەسەر ئاستی نێوخۆییدا دەیكات شەڕێكی ئاسایی نییە و ئەم شەڕە كە بە شێوەیەكی هاوكات لە دژی داعش و رێكخراوەكانی دیكە ئەنجام دەدرێت شەڕێكی ئاسایی بۆ ئیعتباری توركیا نییە، ئەم شەڕە تەنیا جێبەجێكردنی ئەركی دەوڵەتە لە بەرامبەر ئەو كەسانەیە كە دەستدرێژی گیان، ماڵ و موڵكی خەڵك، ئارامی و تەبایی توركیا دەكەن و ئەمەیش تا كۆتایی بەردەوام دەبێت".
ئەردۆغان لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا باسی ئەوەی كرد كە ئەمڕۆ پەیمانی ناتۆ لە بارەی پێشهاتەكانی توركیاوە كۆبوونەوەیەك ئەنجام دەدات و گوتی: "پێم وایە كە لەو چوارچێوەیەدا ناتۆ ئامادەیی خۆی بۆ جێبەجێكردنی ئەوەی كە دەكەوێتە سەر شانی دەردەبڕێت".