Sarmand Hameed
29 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 30 تەمووز 2020
هەولێر - AA
سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، کۆسرەت رەسول عەلی پێشوازی لە كونسوڵی نوێی ئەمریكا لە هەولێر، رۆب واڵەر کرد.
نووسینگەی رۆژنامەوانی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان رایگەیاند، لە دیدارەكەدا گفتوگۆی جدی كرا لەبارەی دۆخی هەرێمی كوردستان، عێراق و ناوچەكە، پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و حكوومەتی فیدرالی و هەنگاوەكانی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەردوولا.
بەپێی راگەیەنراوەکە کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، كۆسرەت رەسول بە کونسوڵی گشتی ئەمریکای راگەیاندووە كە یەكێتی هەمیشە لەگەڵ رێككەوتنە و خەبات دەكات بۆ بەدەستهێنانی مافە یاسایی و دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان و هانی حكوومەتی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانیش دەدات هەوڵدەن بۆ گەیشتن بە رێكکەوتن، هەروەك سیاسەتی نوێی یەكێتی لەمەڕ پرسەكان بۆ شاندی میوان خستووەتەڕوو.
پەیوەست بەدۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی كوردستان، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەرژەوەندی یەكێتی نیشتمانی كوردستان جەختی لە گرنگی تەبایی و یەكڕیزی نێوان لایەنە سیاسییەكان كردووەتەوە و دووپاتی كردووەتەوە كە دەبێ سەرجەم هێزو لایەنە سیاسییەكان بەشداری راستەقینە بن لە حوكمڕانی هەرێم و بڕیارە سیاسییەكان.
هاوكات وێڕای پیرۆزبایی لە دەستبەكاربوونی كونسوڵی نوێی ئەمریکا، هیوای خواست پەرەی زیاتر بە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا بدرێ، و لەپای هاوكارییە بەردەوامەكانیان بۆ گەلی كوردستان سوپاسی حكوومەت و گەلی ئەمریكای كردووە.