29 حوزەیران 2020•نوێکردنەوە: 30 حوزەیران 2020
AA
ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان عەلی باپیر لە ھەولێر پێشوازیی شاندێکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی ھاوسەرۆکی یەکێتیی، بافڵ تاڵەبانی کرد.
لە راگەیەنراوێکدا کە سەبارەت بە کۆبوونەوەکە لە ماڵپەڕی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامییدا بڵاوکراوەتەوە و کۆپییەکیشی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە، ئاماژە بەوەکراوە، عەلی باپیر لە مەکتەبی تایبەتی خۆی لەشاری ھەولێر پێشوازیی کردووە لە شاندێکی باڵای یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان بەسەرۆکایەتیی ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی.
تیشکخراوەتە سەر ئەوەش، لە کۆبوونەوەیەکدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان کۆمەڵی ئیسلامیی و یەکێتی نیشتیمانیی و بەرەوپێشبردنی ئەو پەیوەندییانە کراوە.
لە راگەیەنراوەکەدا ھاتووە: "لەبەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە ھەل و مەرجی سیاسیی عێراق و ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان بەتایبەتیی کرا و جەخت لەسەر نیزیکیی لایەنەکان لەیەکتریی لەسەر بنچینەی دادگەریی و خزمەتکردن بەھاوڵاتییانی ھەرێمی کوردستان کرایەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، کە باس لە ھەوڵی چارەسەری کێشە کەڵەکەبووەکان لەگەڵ حکوومەتی عێراق کراوە و دەستەبەرکردنی مافەکانی گەل بە مافێکی شەرعیی و پێویست زانراوە.