Hemn Baban
03 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2018
ھەولێر - AA
مازن عەبدولقادر دەڵێت بەشداریی چاودێران بەتایبەت چاودێرانی نێودەوڵەتی کارێکی زۆر گرنگ و جێی بایەخە بەتایبەت لەرووی بێگەردیی ھەڵبژاردنەکانەوە.
دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان لە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ئەمڕۆ پێنجشەممە کۆنفڕانسێکی بۆ چاودێرە نێودەوڵەتییەکان لە ھۆتێل رۆتانا لە شاری ھەولێر بەست کە مەبەست لێی روونکردنەوەی میکانیزمەکانی خۆ تۆمارکردنی چاودێرانی نێودەوڵەتییە بۆ چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی مانگی داھاتوو بەڕێوەبچێت.
ھەریەک لە بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا و بەرپرسی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێم، مازن عەبدولقادر و ئەندامی ئەنجوومەنی کۆمیسیارانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، سەعید کاکەیی ئامادەی کۆنفڕانسەکە بوون و لەمیانیدا بە وردی پڕۆسەی دەنگدانی دەنگدەران لەبەردەم چاودێرە نێودەوڵەتییەکاندا نمایشکرا و ئەو ئامێرانەشی کە لە رۆژی دەنگدان بۆ ئەم پڕۆسەیە بەکاردەھێنرێن روونکردنەوەیان لەسەر درا.
بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، فەلاح مستەفا لە وتەیەکدا لەبەردەم دەیان چاودێری نێودەوڵەتی و نوێنەرانی رێکخراوە بیانییەکان ئەوانەی بەشدارن لە چاودێریکردنی ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی "ھەڵبژاردنەکانی داھاتوو لەبەردەم چەندین رکابەرایەتیی گەورەدایە کە لەنێویاندا گرنگە بتوانرێت بەشێوەیەکی ئاسایی زاڵ ببین بەسەر ئەو رکابەرایەتییانە کە دیارترینییان بریتییە لە ھەڵبژاردن لەو ناوچانەی کە بەمدواییانەدا ئازادکراون و چۆن ماف بدرێت بە خەڵک مافی خۆیان بدەن و دەنگی خۆیان بگەیەنن".
فەلاح مستەفا باسی لە گرنگی ھەڵبژاردنەکان و بەڕێوەچوونییان بەشێوەیەکی دیموکراسی و شەفاف بۆ ئەوەی رێڕەوی دیموکراسی بەرەو پێشتر بچێت و ھەڵبژاردنەکانیشی بە ھۆکارێکی باش زانی بۆ بەرەو پێش چوونی زیاتر لەو بوارەدا.
سەرۆکی دەستەی ھەڵبژاردنەکانی ھەرێمی کوردستان، مازن عەبدولقادر لەو بارەیەوە وتارێکی پێشکەشی ئامادەبووان کرد و گوتی "پرسی ھەڵبژاردن لە ھەر وڵاتێکدا پرسێکی نیشتمانی نێودەوڵەتییە و بەشداریی چاودێران بەتایبەت چاودێرانی نێودەوڵەتی کارێکی زۆر گرنگ و جێ بایەخە بەتایبەت لەرووی بێگەردیی ھەڵبژاردنەکان و ھەروەھا لەرووی یاساییشەوە کاریگەریی دەبێت بۆ ئەوەی قبوڵ بکرێت و ئەنجامەکانی بە باشی وەربگیرێت".