Tuğçenur Yılmaz,Nazlı Yüzbaşıoğlu,Barış Seçkin,Tuğrul Çam
03 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 04 مای,س 2018
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا، حامی ئاکسۆی، ئاماژەی بەوە کرد کە وەزیری دەرەوەی عێراق، ئیبراھیم جەعفەری، سەردانی تورکیا دەکات و دیدار و کۆبوونەوە ئەنجامدەدات و، گوتی: "لە نزیکەوە چاودێری ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین. ھیواخوازین ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئاسایشی و ئارامیدا بەڕێوەبچن".
لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا کە لە وەزارەتی دەرەوەی تورکیا سازی کرد، ئاکسۆی وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە.
ئاکسۆی باسی لەوە کرد کە ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی عێراق جەعفەری، بەمەبەستی بەشداری کردن لە کۆبوونەوەی کۆمیسیۆنی ھاوبەشی ئابووریی تورکیا-عێراق سەردانی تورکیا دەکات و، پێشبینی دەکرێت لەگەڵ ھەریەک لە وەزیری ئابووریی تورکیا، نیھات زەیبەکچی و وەزیری دەرەوە، مەولود چاوشئۆغڵو کۆببێتەوە و، گوتی: "لە نزیکەوە چاودێری ھەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەین. ھیواخوازین ھەڵبژاردنەکانی عێراق لە ئاسایشی و ئارامیدا بەڕێوەبچن".
حامی ئاکسۆی خۆشحاڵی خۆی نیشاندا بەرامبەر خۆبەدوورگرتنی سیاسییە عێراقییەکان لە لێدوانی مەزھەبی و جوداخوازی و، باسی لەوە کرد کە چاوەڕوانن ئەو حکوومەتەی دوای ھەڵبژاردن پێکدەھێنرێت ھەموو لایەنەکان لەخۆی بگرێت و، ھەڵوێستێکی پێداگیرانە و بێ سازش نیشانبدات لە بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و رێکخراوی تیرۆریستیی فەتۆدا.
ئاکسۆی باسی لەوەکرد کە وەزیری دەرەوەی تورکیا، مەولود چاوشئۆغڵو لە میانی کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی ئەندامی ناتۆ لە ٢٧ی نیساندا بەشدارییکردووە و دەرفەتی ئەوەی ھەبووە کە لەگەڵ ھاوتا ئەمریکییەکەی، مایک پۆمپیۆ کۆببێتەوە و رایگەیاند: "لەم کۆبوونەوەیەدا باس لە جێبەجێکردنی ئەو ئاشتەواییە پێشوەختەی سەبارەت بە منبج ھاتووەتە ئاراوە، کڕینی سیستەمی بەرگری S-٤٠٠ لە لایەن وڵاتەکەمانەوە لە رووسیا و بابەتی قەشە برونسن، کرا. ئەگەر بێت و ئەو نەخشە رێگەیەی سەبارەت بە سووریا لە ئارادایە، جێبەجێبکرێت، ئەوا دەستبەبەری کشانەوەی یەپەگە/پەکەکە لە منبج دەکرێت. ھەروەھا پێکەوە بڕیار لەوە دەدرێت کە ئەو ناوچانە بە چ شێوەیەک بەڕێوەببرێن و ئەرکی دەستەبەرکردنی ئاسایشیان بکەوێتە ئەستۆی کێ".
حامی ئاکسۆی لەوەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی دوا پێشھاتەکانی سووریا رایگەیاند "باکووری حومس لە چوارچێوەی ئاستانادا وەک 'ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان' دیارییکراوە. پێویستە رێکارەکانی پەیوەست بە ناوچەکە پارێزگارییان لێبکرێت و پێگەی ناوچەکە وەک 'ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان' بپارێزرێت. بەڕێز وەزیری دەرەوەمان لەگەڵ (وەزیری دەرەوەی رووسیا سێرگی) لاڤرۆڤدا لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا و لەو لووتکە سێقۆڵییەی کە لە ٢٨ی نیساندا سازکرا، جەختی لەسەر ئەم بابەتە لەگەڵ ھاوتاکانییەدا کردووەتەوە".
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا تیشکی خستەسەر ئەوەش کە وڵاتەکەی لەسەری سەرەوەی ئەو وڵاتانە دێت کە کاریگەریی قەیرانی سووریایان کەوتووەتە سەر و سەبارەت بە ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون رایگەیاند: "رووبەرێکی چوار ھەزار کیلۆمەتر چوارگۆشەمان لە تیرۆریستان پاککردەوە. وەک دەزانرێت ناوەندی شاری عەفرین لە ١٨ی ئاداردا کۆنترۆڵکرا. کارەکانی ھەڵگرتنەوەی بۆمب و مینەکان درێژەی ھەیە. عەفرین ھی عەفرینییەکانە".
ھاوکات ئاکسۆی ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە لە ١٢ی نیساندا ئەنجوومەنی خۆجێی عەفرین ھەڵبژێردراوە کە لە ٢٠ ئەندام پێکھاتووە، لەوانەیەش ١١یان کورد، ھەشتیان عەرەب و یەکێکیان تورکمانە، سەرۆکایەتیەکەشی زوھەیر حەیدەر بەڕێوەی دەبات کە بەڕەچەڵەک کوردە.