قاھیرە
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جۆن کیری كه لە چوارچێوەی سەردانی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دوێنێ سەردانی قاھیرەی کردبوو، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی میسر سەمیح شوکری، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "بۆ شەڕی دژە تیرۆر بەم زوانە ئەمریکا لە چوارچێوەی ھاوکاریکردنی میسردا ژمارەیەک کۆپتەری جۆری ئاپاچی روانەی میسر دەکا، میسر و ئیسرائیل شەڕی دژە تیرۆر دەکەن بۆیە پێمان وایە ئەو داراییهی لە ھاووڵاتییانی ئەمریکا وەردەگیردرێ لە جێگایەکی زۆر باشدا سەرف دەکرێ."
کیری لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لە پەیوەندی نێوان ئەمریکا و میسر و خاڵه ھاوبەشە مێژووییەکانی نێوان ھەر دوولا کرد و گوتی: "پێویستە ئەو خاڵه ھاوبەشە مێژوویانە نوێ بکرێنەوە و مەبەستم لەو سەردانە گفتوگۆکردنی رهوشی ناوچەکەیە. داعش بۆ ناوچەکە ھەڕەشەیەکی زۆر گەورەیە و ئاواتە خوازین لەعێراق حکومەتێکی بنکە فراوان کە نوێنەری ھەموو پێکھاتەیەکی تێیادا ھەبێ و بتوانێ لە کاتە ساتی پێویستدا لە بەرامبەر مەترسی و ھەڕەشەکاندا ھەڵوێست بنوێنێ، دابمەزرێ."
لە بەشێکی دیکەی ئەو کۆنگرە رۆژنامەوانییەدا وەزیری دەرەوەی میسر ناسر شوکری گوتی: "میسر و ئەمریکا لە بەرامبەر رووداو و پێشھاتەکانی عێراق زۆر نیگهرانن، بۆیە پێویستە ھەردوولا لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بۆ شەڕی دژی تیرۆر و توندوتیژی، پەرە بە ھەماھەنگی و ھاوکاری نێوانیان بدەن."
شوکری جەختی لەوە کردەوە کە میسر پشتگیری لە یەکپارچەیی خاکی عێراق و بەرقەرارکردنی ئاشتی لەو وڵاتە دەکا و ئاواتە خوازە ئەو قەیرانەی ئێستا ببێتە ھۆی پێکھێنانی یەکێتی نەتەوەیی لە عێراق.
کاربەدەستانی ئەمریکا بەشێک لەو ١.٣ ملیار دۆلار ھاوکارییانەی کە بڕیاربوو پێشکەشی میسریان بکا و ساڵی رابردوو ھەڵیپساردبوون، ئازادی کردووە و بۆ شەڕی دژە تیرۆر ١٠ کۆپتەری جۆری ئاپاچی روانەی میسر دەکا.