Hemn Baban
23 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 25 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
مەحمود عوسمان دەڵێت، هیچ کەسێک ناتوانێت وەکو تاڵەبانی ئەدای پۆستی سەرکۆمار بکات و ئەو بە کاریزمایەک دەزانێت کە جێگەی پڕ ناکرێتەوە.
١٧ی ئەم مانگە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرگای خۆپاڵاوتنی بۆ پۆستی سەرکۆمار کردەوە کە بەپێی ماددەکانی ٢ و ٣ لە یاسای "حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرکۆمار" ژمارە ٨ی ساڵی ٢٠١٢ دەبێت و رۆژی ٢٣ی ئەم مانگە دەرگای خۆپاڵاوتن دادەخرێت.
ئێستا لە پاڵ پۆستی سەرۆکوەزیران کە ھێشتا ناکۆکیی نێو ماڵی شیعە یەکلایی نەکردووەتەوە بۆ کێ دەبێت، ناکۆکییەکانی نێو ماڵی کوردیش وایکردووە کورد چوار کاندیدی بۆ ئەو پۆستە ھەبێت، ئەگەری زیاتربوونیشیان لە ئارادایە، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە ئەم پۆستەی لە لایە، بەرھەم ساڵح-ی بۆ پۆستەکە کاندید کردووە و ئەمەش ھاوپەیمانەکەی کە پارتی دیموکراتی کوردستانە و چاوی لە پۆستەکەیە نیگەران کرد و سەردانەکەی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێم، نێچیرڤان بارزانی-یشی بەدوادا ھات بۆ بەغدا و نەجەف و ئەمەش یەکێتی دڵڕەنجاوکردەوە.
لەدوای رووخانی رژێمی بەعس وەکو نەریتی سیاسی سێ سەرۆکایەتییەکە لە نێوان شیعە، سوننە و کورد دابەشکراوە، بە شێوەیەک پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران بۆ شیعە و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش بۆ سوننەکانە.
سیاسەتمەدار و ئەندامی پێشووتری دوو خولی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دوای ساڵی ٢٠٠٣ەوە، مەحمود عوسمان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت "پێمباش نەبوو کورد داوای پۆستی سەرکۆمار بکات، چونکە ئەو پۆستە ھیچ نییە، شکڵێکی گەورە و ناوێکی گەورە، ھیچ دەسەڵاتی نییە، نە گرنگی ھەیە، نە دەتوانێت بڕیار بدات، نە دارایی، نە ئاسایش سەر بە ئەمە و ھیچی لەمبارەیەوە پێدەکرێت، کورد باشتر بوو پۆستی سەرکۆمار وەربگرێت، بەڵام سەرکردەکانی کورد بەدوای ناوی گەورە دەگەڕێن و ناوەڕۆک لە لایان گرنگ نییە".
گوتیشی: "ئێستا پۆستی سەرکۆمار بۆ کورد دەبێت، لەنێو کوردیشدا زیاتر بۆ یەکێتی و پارتی دەبێت، ئەمەش دەبێت لەنێو خۆیاندا رێککەوتنی لەسەر بکەن، ئومێدەوارم لەسەر ئەم پۆستە کە ھیچ نییە رێکبکەون و یەکێک ھەڵبژێرن، ئەو پۆستە ئەوە ناھێنێت ئەو دوو حزبە لەسەری تێکبچن".
مەحمود عوسمان لە درێژەی قسەکانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو بە خراپی زانی کورد چەند کاندیدێکی بۆ ئەو پۆستە ھەبێت و لەو رووەوە گوتی: "خراپە کورد بە چەند کاندیدێکەوە بچێتە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرکۆمار، ئەگەر یەک کاندید بێت باشترە، ھێز و گرنگییەکی زیاتری بۆ کورد دەبێت. لە بنەڕەتدا زیاتر کاندیدی یەکێتی و پارتی دەردەچن، بەڵام گرنگە ئەمان رێککەوتنی لەسەر بکەن، چونکە شتەکان بە تەوافوق دەکرێت و لە کۆتاییدا نوێنەری یەکێتی و پارتی دەردەچن".
بەپێی یاسای "حوکمەکانی خۆپاڵاوتن بۆ پۆستی سەرکۆمار" مەرجەکانی ھەرکەسێک کە خۆی بۆ پۆستی سەرکۆمار دەپاڵێوێت دەبێت ئەمانە بێت تا بتوانێت ئەو پۆستە وەربگرێت ئەوانیش:
١- عێراقی بێت و دایک و باوکێکی عێراقی لە دایکبووبێت.
٢- تەواوی شیاوی تیادا ھەبێت و ٤٠ ساڵی تەمەنی تەواوکردبێت.
٣- ناوبانگێکی باش و شارەزایی سیاسی ھەبێت و لە نەزاھەت و راستی و دادگەری و دڵسۆزی بۆ نیشتمان شاھێدی بۆ بدرێت.
٤- ئاستی زانستیی لە بڕوانامەی سەرەتایی زانکۆیی کە لە لایەن وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستییەوە لە عێراق پەسەندکرابێت کەمتر نەبێت.
٥- بە تاوانی پەیوەست بە شەرەفەوە حوکم نەدرابێت.
٦- لەو کەسانە نەبێت کە حوکمەکانی رێوشوێنەکانی لێپرسینەوە و دادپەروەریی یان ھەر رێوشوێنێک لە جێگەی دەیگرێتەوە.
ھەر لە راگەیەندراوەکەی ١٧ی ئەم مانگەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار دەبێت لە رۆژی دووی مانگی تشرینی یەکەمی داھاتوو تێپەڕ نەکات ئەوەش بەپێی ماددەی ٧٢ی دەستووری عێراق، دووەم بڕگە "ب".
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کە لە دوای رووخانی رژێمی بەعس و بەدیاریکراوی لە ٢٠٠٥ەوە پۆستی سەرکۆماری لەدەستدایە، پاش رازیکردنی بەرھەم ساڵح بۆ دەستبەرداربوون لە حزبە نوێیەکەی لە داوی جیابوونەوەی لە یەکێتی و گەڕاندنەوەی بۆ نێو ریزەکانی ئێستا تاکە کاندیدی ئەو حزبەیە بۆ ئەوەی ئەم پۆستە وەربگرێت.
ئێستا کورد بە ھۆی ناکۆکیی لایەنەکانییەوە، چوار کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆماری عێراق ھەیە کە ئەوانیش لە یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرھەم ساڵح، کۆمەڵی ئیسلامی سەلیم شوشکەیی، بێ لایەن سروە عەبدولقادر، پارتی دیموکراتی کوردستانیش کاندیدی دەبێت، بەڵام ھێشتا روون نەبووەتەوە کێ دەبێت.
بەپێی ماددەی ٦٦ لە دەستووری ھەمیشەیی عێراق دەسەڵاتی جێبەجێکردن لە سەرکۆمار و ئەنجوومەنی وەزیران پێکدێت و لە ماددەی ٦٧یشدا سەرکۆمار بە ھێمای یەکێتی وڵات دادەنرێت کە نوێنەرایەتی سەروەریی وڵات دەکات و پارێزگاری لە سەربەخۆی و سەروەری و یەکێتی و سەلامەتی خاکەکەی دەکات.
لە ماددەی ٦٨٩یشدا چوار مەرجەکە بۆ ئەو کەسەی پۆستەکە دەگرێتە دەست دیاریکراوە، لە ماددەی ٧٠شدا ئەوە ھاتووە کە سەرکۆمار دەبێت دەنگی دوو لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران بەدەست بھێنێت کە بەپێی کورسییەکانی پەرلەمانی عێراق کە ٣٢٩ کورسییە دەبێت ٢٢٠ دەنگ بەدەست بھێنێت.
مەحمود عوسمان لەدرێژەی قسەکانیدا پێی وایە کە پارتیش کاندیدی بۆ پۆستی سەرکۆمار دەبێت و ھۆکاری ئەمەش دەگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی پارتی لە یەکێتی نیگەرانە کە تاک لایەنە و بەبێ پرسی ئەوان کەسێکیان بۆ پۆستی سەرکۆمار کاندید کردووە، لەوبارەیەوە رایدەگەیەنێت "پارتی دەڵێت لە راگەیاندنەوە بیستوومانە و دەبوو یەکێتی پێشتر ئەوانی ئاگاداربکەنەوە لەوەی کێ کاندید دەکەن، رەنگە پارتی بە بەرھەم ساڵح رازی بێت، بەڵام لەبەرامبەردا ئەوانیش جێگری سەرۆکوەزیران یان شتێکی تریان ھەبێت، ئومێدەوارم بگەنە رێککەوتن، بەتایبەت ئەوان بەرنامەی ھاوبەش و شاندی ھاوبەشییان ھەیە، پارتی داوایکردووە ھەڵبژاردنی سەرکۆمار بخرێتە دوای ھەڵبژاردنی کوردستانەوە، بۆیە تا ئەو کاتە ھیواداریین بگەنە رێککەوتن".
سەبارەت بە پۆستی سەرکۆمار و ئەو کەسەشی کە لە پشکی کورد وەریدەگرێت و بەراوردکردنی بە سەرۆکی پێشوو و کۆچکردوو جەلال تاڵەبانی، مەحمود عوسمان دەڵێت "باوەڕناکەم لەوانەی کە قسەیان لەسەر دەکرێت وەکو تاڵەبانی ئەدای ئەو پۆستە بکات. لە کوردستاندا مام جەلال و کاک مەسعود ھەبوون، کاک مەسعود ئەو پۆستە وەرناگرێت، بۆیە ئەوانەی کە ئێستا ناویان دەبرێت سیاسیین و دەتوانن ئەو پۆستە وەربگرن، بەڵام کەسیان وەکو تاڵەبانی-یان پێ ناکرێت، مام جەلال کاریزمایەک بوو، کەسێکی مێژوویی، کوردستانی، عێراقی و جیھانی بوو، قورسایی و سەنگێکی ھەبوو، ھەموو ھێزە عێراقییەکان رێزیان لێدەگرت، زەحمەتە کەس وەکو ئەو ئەو پۆستە بگرێتە دەست".
سەبارەت بە بەرھەم ساڵح-یشەوە "لە رووی سیاسی و دیپلۆماسی و پەیوەندیی دەرەوە کەسێکی باش و لە عێراق و کوردستان و دەرەوەش کاریکردووە، توانای ھەیە تا رادەیەک، ئەو پۆستە وایە ئەگەر تواناشی ھەبێت تا رادەیەک کاردەکەیت، چونکە دەسەڵاتی کەمە".
ھەرچۆنێک بێت پۆستی سەرکۆمار بۆ ھێزە کوردییەکان دەبێت وەکو ئەوەی سێ لایەنە سەرەکییەکەی عێراق رێککەوتنییان لەسەرکردووە لە ساڵی ٢٠٠٥ەوە، بەڵام ھێشتا ئەوە روون نییە کێ و لە کام ھێزی کوردی ئەو پۆستە وەردەگرێت و رەنگە تا دووی مانگ یەکلایی ببێتەوە، بەڵام لە کۆتاییدا کورد یەک کاندیدی بۆ پۆستەکە نابێت.