Hemn Baban
23 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 24 ئەیلوول 2018
ھەولێر - AA
موقتەدا سەدر داوایکردووە، کابینەی داھاتووی حکوومەتی عێراق باوکانە و نیشتمانی بێت و جیاوازی لە نێوان پێکھاتەکانی گەلی عێراق نەکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، موقتەدا سەدر لە بارەگای سەرەکی خۆی لە ناوچەی حەنانە لە شاری نەجەف پێشوازیی لە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی کرد و ھەردوو لا باسی پێشھاتەکانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقییان کردووە.
بەپێی راگەیەندراوێکی نووسینگەی موقتەدا سەدر لەو دیدارەدا ھەردوولا تاوتوێی پڕۆسەی سیاسی و خێراکردن لە پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقییان کردووە بۆ ئەوەی بە ئەرکەکانی خۆی ھەڵبستێت.
ھەر بەپێی راگەیەندراوەکە موقتەدا سەدر جەختی لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە حکوومەتی داھاتوو باوکانە بێت و نیشتمانی بێت و ھیچ جیاوازییەک لە نێوان پێکھاتەکانی گەلی عێراق نەکات و بایەخی خۆی بۆ ئامانجەکانی گەل و دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان و باشترکردنی بارودۆخی گشتی خەڵک تەرخان بکات.