Rewa Mahmood Hasan
11 نیسان 2020•نوێکردنەوە: 14 نیسان 2020
سلێمانی - AA
جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی خێزانی ئەو پێشمەرگە شەهیدانەی کرد کە بەهۆی پەلامارە تیرۆریستیەکەی داعشەوە لە کوڵەجۆ گیانیان لەدەست دا و لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژە بەوە دەکات کە هەموو ڕێکارێک دەگرنە بەر بۆ بەرپەرچدانەوەی کردەوە تیرۆریستییەکانی داعش.
بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگادار بوون لە ڕەوشی هێزەکانی پێشمەرگە، جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان شێخ جەعفەر شێخ مستەفا سەردانی ناحیەی کوڵەجۆی کرد و لەنزیکەوە لەگەڵ بەرپرسە ئیداری و سەربازیی و ئەمنییەکانی ناوچەکەدا کۆبوونەوەیەکی ئەنجام داو دواتر سەردانی سەنگەرەکانی پێشمەرگەی کرد لە ناوچەکە.
دوای ئەوەی کە گوێی لە داواکارییەکانی پێشمەرگە و خەڵکی ناوچەکە گرت، چووە شوێنی هێرشە تیرۆریستییەکەی چەکدارانی داعش و تاوتوێی دۆخی ناوچەکەی کرد.
جێگری سەرۆکی هەرێم دواتر سەردانی خێزانی شەهیدانی کردەوە تیرۆریستییەکەی کوڵەجۆی کرد لە شارۆچکەی سەیدسادق و سلێمانی و پرسەو سەرەخۆشی خۆی و سەرۆکی هەرێمی كوردستانى گەیاندە هەریەک لە کەسوکاری ئەو پێشمەرگە شەهیدانە.
- داعش سودی لەو بۆشاییە وەرگرتووە کە لەنێوان هێزەکانی پێشمەرگەو سوپای عێراقدا هەبووە
لەلێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، جێگری سەرۆکی سەرۆکی هەرێمی كوردستان شێخ جەعفەر شێخ مسەتەفا گوتی: "سەردانی سەرنگەرەکانی پێشەوەی هێزەی پێشمەرگەمان کرد لە ناحیەی کوڵەجۆ، بە راسپاردەی سەرۆکی هەرێم لەسەر ئەو رووداوەی چوار شەو لەمەوبەر کە تیرۆریستانی داعش پەلاماری یەکێک لە خاڵەکانی هێزەکانی پێشمەرگەی دابوو، بەهۆیەوە دوو پێشمەرگە شەهید بوون".
شێخ جەعفەر ئەنجامی سەردانەکەی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو لە چەند خاڵێکدا روونکردنەوە و گوتی: ''بۆمان دەرکەوت کە داعش زۆر بەهێز بووە و سوودی وەرگرتووە لەو بۆشاییە ئەمنیانەی لە ناوچەکە دروست بوون لە نێوان هێزەکانی پێشمەرگە و هێزی عێراق'' و جەختیشی لەوە کردەوە کە'' داعش لەو ناوچانەوە دێت کە لەژێر کۆنترۆڵی هێزەکانی عێراقدان، چونکە لەوێ بۆشاییەکی ئەمنی گەورە هەیە''.
گوتیشی: ''هاوکات دەرکەوت کە چەند پێداویستیەکی هێزی پێشمەرگە هەیە لەو ناوچانە بەتایبەت لە دابینکردنی دووربینی شەوانە."
ناوبراو ئاماژەی بەوەدا کە هێزەکانی پێشمەرگە لەو ناوچانە کاریان دابین کردنی ئاسایشی خەڵکە، ئەگەر بێتو پێشمەرگە لەو ناوچانە نەبن ئەوا دەبێت خەڵک بڕۆن ئێرە بەجێی بهێڵن، بۆیە جێگیر کردنی هێزی پێشمەرگە لەو ناوچانە ئامانج لێی زامن کردنی ئەمن و ئاسایشی خەڵکی ناوچەکەیە.
- "تاکە چارەسەر ئەوەیە کە پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق ژووری عەمەلیاتی هاوبەش دروست بکەین"
شێخ جەعفەر شێخ مستەفا رایگەیاند ''جاران لە شەڕی داعشدا سەنگەرمان هەبوو، هێڵی بەرگریمان بەرامبەر یەکتر هەبوو، بەڵام ئێستا دوژمن هێڵەکەی دیار نییە، هێرش دەهێنن و دەکشێنەوە. ئێمەش هێڵی بەرگریمان نەماوە، بەهۆی ئەوەی کە هێزی عێراقی هاتۆتە ئەو ناوچانەی کە جاران پێشمەرگەی لێبوون''.
شێخ جەعفەر جەختی لەوە کردەوە کە ''تاکە چارەسەر ئەوەیە کە هەردوو هێزی پێشمەرگە و هێزەکانی عێراق ژووری عەمەلیاتی هاوبەش دروست بکەین بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش و هەماهەنگییەکانمان بەهێز بکرێنەوە''.
لەبەشێکی تری قسەکایدا شێخ جەعفەر شێخ مستەفا گوتی ''هەندێکجار لەگەڵ هێزەکانی هاوپەیمانی کە بەنیازبووین هێرش بکەینە سەر ناوچەکانی نزیک شۆراو و سەروو خورماتوو کە داعش خۆیانی تیادا مەڵاس داوە، بەداخەوە هێزە عێراقییەکان رێگربوون، رێگەیان نەداوە هێزی پێشمەرگە بەشداربن''.
هەروەک راشیگەیاند ''ئێمە وەک هەرێمی کوردستان دەسەڵاتمان داوە بەو هێزە مەیدانیانەی پێشمەرگەی ناوچەکە کە هەماهەنگی بکەن لەگەڵ یەکە سەربازییەکانی حکوومەتی عێراق، بەڵام بەداخەوە ئەوان نەهاتوونەتە پێش، هەرچەندە چەندین جار کۆبوونەوە و رێککەوتن کراوە لەسەر هەماهەنگی''.