hemn husain
08 کانوونی یەکەم 2015•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2015
دوای راگەیەندراوێکی نووسینگەی سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی ھێزەکانی چەکداری عێراق حەیدەر عەبادی کە لە راگەیاندراوەکەدا هاتووە سەرجەم ھێزەکانی ئاسمانیی لە حاڵەتی ئامادەباشیدا بن بۆ بەرگریکردن لە سەروەریی خاک و وڵات، ئەم فەرمانەی عەبادی دوای پێدانی مۆڵەتی ٤٨ سەعاتی بوو بە ھێزەکەی سوپای تورکیا بەمەبەستی کشانەوەیان لە خاکی عێراق، کە لە نزیک شاری مووسڵ جێگیر کراون بەڵام ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە پێی وایە هاتنی هەر هێز و لایەنێک بۆ نێو خاکی عێراق ئەگەر لە چوارچێوەی ئەو بڕیارە بێت کە داوای هاوکاری و یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کراوە، ئەوە شتێکی ئاساییە و هەموو لایەک کۆدەنگیان هەیە لەسەر ئەم هاوکارییە.
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی سێ رێگەی دەستنیشان کرد بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر کە یەکێک لەم رێگەیانە داوای هاوکاری و یارمەتی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە و هەروەها راشیگەیاند کە پێشتریش هێزی تورکیا لە ناوچەکەدا هێزی هەبووە و بەشدارییان کردووە.
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان سەعدی ئەحمەد پیرە لە چاوپێکەوتنێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من پێم وایە دروستکردنی گرژی لە هەر ناوچەیەک بێت ئەوە لە قازانجی ناوچەکەدا نییە و ئێمە سێ رێگەمان هەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر. یەکەمیان رێگەی سەربازییە کە هێزی پێشمەرگە بەرامبەر تیرۆریستانی داعش شەڕ دەکات و تێیدا سەرکەوتوو بووین و رێگەی دووەم بریتییە لە وشیارکردنەوەی خەڵک و شەڕی فیکری لە نێو مزگەوتەکان بۆ ئەوەی خەڵک بەناوی ئیسلام هەڵنەخەڵەتێنن. رێگەی سێیەم ئێمە داوای هاوکاری و یارمەتیمان لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کردووە لەوانە یەکێتیی ئەورووپا و وڵاتانی ئەمریکا و تورکیا و ئێران".
ئەو ئەندامەی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان رایدەگەیەنێت کە زۆربەی وڵاتەکان هاوکاری هێزی پێشمەرگەیان کردووە و ئەمە کۆدەنگی لەسەر بووە. سەبارەت بەم پرسە سەعدی ئەحمەد پیرە گوتی: "یەکێتیی ئەورووپا و ئەمریکا و تورکیا و ئێران هاوکاری ئێمەیان کردووە و پێشتریش هێز و توانایان هەبوو لەم ناوچەیەدا و بەشدارییان کردووە و ئەگەر هاتنی هێزی تورکیا لەم چوارچێوەیەدا بێت، ئەوە کۆدەنگی و رەزامەندی هەمووانە و ئەگەریش هاتنی هێزی تورکیا لەوە زیاترە، ئەوە پێویستە بیری لێ بکەینەوە چونکە دروستبوونی هەر ئەزمەیەک لەم ناوچانە ئەوە بەدڵنیاییەوە پڕیشکی بەر ئێمەش دەکەوێت".
جێی ئاماژەیە پاش داگیرکردنی شاری مووسڵ لەلایەن گرووپی تیرۆریستی داعشەوە، ئەوە وڵاتانی هاوپەیمان هاوکاری و یارمەتیان بۆ عێراق دەست پێ کرد و لەم نێوەندەشدا چەندین شارەزا و راهێنەری سەربازیی گەیشتنە عێراق و چەندین چەک و تەقەمەنییان رادەستی سوپای عێراق کرد.