ههولێر
لە دووەم رۆژی سێیەم كۆنگرەی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، درەنگانی رۆژی یەكشەممە كۆنگرەی ئەو حزبە عەلی باپیری بە ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی هەڵبژاردەوە.
دوای هەڵبژاردنەوەی بۆ جاری سێیەم لە كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، وەك ئەمیری ئەو حزبە عەلی باپیر یەكەم وتاری بۆ ئامادەبوانی كۆنگرەی حزبەكەی پێشكەش كرد.
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی، عەلی باپیر رایگەیاند "سوپاسی هەموو ئەو براو خوشك و كادیرانەی كۆمەڵی ئیسلامی دەكەم كە متمانەیان بەمندا ئەركێكی قورس بخەمە سەرشانی خۆم دیارە بەرپرسیارێتی ئەركی گرانە بەرپرسیارێیەتەك بەدوایدا بگەڕێیت یان پێت بسپێرن".
سەبارەت بە ستافی پێشووی سەركردایەتی كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر گوتی: "برایانی مەكتەبی سیاسی و سەركردایەتی ئەوانەی پێیان باش بوو خۆیان لەم هەلومەرجە دووربخەنەوە هەڵبەت من حەزم دەكرد بمێننەوە".
گوتیشی: "هەندێ لە سەركردایەتی پێشوو ئەگەر خۆیان كاندید بكردبایە دەنگیان دەهێنا بەڵام كە خۆیان كاندید نەكرد دیارە هەموو تەمومژێك دەڕوێنێتەوە، بەدووریش دەبێت لە قۆرغكاری بۆیە سوپاسیان دەكەم".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی سەبارەت بە سەركردایەتی نوێی حزبەكەی گوتی: "جێی دڵخۆشیە سێ خوشك بەبێ كۆتا بەدەنگی خۆیان چوونەتە سەركردایەتی دوانیان لە ئەندامی چاودێری یەكێكیان بۆ سەركردایەتی لەگەڵ ئاڤان خان كە پێشتریش لە سەركردایەتیدا بووە بۆیە پیرۆزبایی لە خوشكان و ئەو برایانەش دەكەم كە بەرپرسیارێیەتیان وەرگرتووە".
ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر وتارەكەی زیاتر جەختكردنەوە بوو لە بنەماكانی بەرپرسیاریەتی لە ئایینی ئیسلام و جەختی لەوەشكردەوە، بە ئەمانەت بەرپرسیاریەتیان وەرگرتوە نەك بە غەنیمەت.
باپیر باسی لەوەشكرد: "دەبێت ئامانجەكانمان نەگۆڕبن بەختەوەری خەڵك دادپەروەری هەمووئەمانە دەبێت نەگۆڕبن بەڵام دەبێت لەمەولا گۆڕانكاری و داهێنان بكەین، ئامراز و ئامانجەكانمان چاوپێدا بگۆڕینەوە، ئەگینا ئامانجی رابردوو لەگەڵ رێگای نوێ رێناكات".
گوتیشی: "ئەگەر براو خوشكانی ئێمە كادیرانی كۆمەڵی ئیسلامی هاوكاریان نەبن، كارەكانمان بە باشی بەڕێوەناڕوات، راستە بێ هەڵە نەبووین، بەڵام دەبێت چاو بەهەڵەكانماندا بخشێنینەوە، دەبێت كەموكوڕییەكان دیاری بكەین".
عەلی باپیر ئاماژەی بەوەشكرد "زۆرجار كە پیرۆزبایم لە بەرپرسانی ئەم وڵاتە كردوە پێمخۆش بووە سەركەوتووبێت، چونكە ئەگەر سەركەوتووبێت، ئێمەش سوودی لێ وەردەگرین، بەڵام سەركەوتوو نەبێت لەقازانجی ئێمەدا نییەو زەرەر دەكەین".
عەلی باپیر وەتمان، لە ساڵی 1961 لە سنووری ناحیەی سەنگەسەری قەزای پشدەری سەربە پارێزگای سلێمانی لە دایك بووە، ساڵی 1981 كۆلێژی فیقهی لە نەجەف خوێندووە.
پاپیر لە ساڵانی هەشتاكان پەیوەندی بە بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستانەوە كردووە.
ساڵی 1987 بەشدار بووە وەك ئەندام لە شاندی بزووتنەوەی ئیسلامی كوردستان، لەگەڵ حزبەكانی كوردستان دا.
لە 31.5.2001 لەگەڵ ژمارەیەك سەركردە و كادیری بزووتنەوەی ئیسلامی جیا دەبێتەوە، حزبێك بەناوی كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان رادەگەیەنن.
لە كۆنگرەی سێیەمی كۆمەڵی ئیسلامی لە 30.5.2015 دەستی بەكارەكانی كرد بۆ سێ رۆژ بەردەوام دەبێت، بۆ جاری سێیەم بەبێ بوونی ركابەر وەك ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامی كوردستان، هەڵبژێردرایەوە.