واشنتۆن
لە چوارچێوەی دیدارە فەرمیەکانی لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا نوری مالیکی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە "پەیمانگای ئاشتیی ئەمریکا" وتارێکی لەبارەی دۆخی عێراقەوە پێشکەش کرد.
مالیکی لە وتارەکەیدا ئاماژەی بە بوژانەوەی عێراق لەڕووی ئابوریەوە دا و گوتی: ھەناردەکردن و داھاتی عێراق لە بواری سوتەمەنیدا بەرز بووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەمانەدا رووبەڕووی ناجێگیریی دۆخی ئاسایش دەبینەوە کە بووەتە کۆسپ لەبەردەم گەشەی وڵاتەکەماندا.
گوتیشی: رێکخراوی قاعیدە دووبارە دەستی بە کارە تێرۆرستیەکانی لەعێراق کردووەتەوە، پێویستە سەرجەم ئەو گروپە تیرۆرستییانە لەناو ببرێن. ھەروەک لەناوەوەی وڵات گروپی تیرۆری ھەیە لەدەرەوەی وڵاتیش بەدی دەکرێ، وەک سوننە شیعەش دەکوژرێت، ئەوەی بەم کارانە ھەڵدەستێ ڕێکخراوی قاعیدەی تیرۆرستیە، پەنا بەخوا یەکێتیی وڵاتەکەمان دەپارێزین.
مالیکی لەدرێژەی گوتەکەیدا ڕایگەیاند: لەگەڵ بەرەنگاربوونەوەمان لەگەڵ تیرۆرستان ھەوڵی بەرزکردنەوەی باری ئابوری و سیاسیی وڵاتەکەمان دەدەین، کارە تیرۆرستیەکان کاریگەریی گەورەیان لەسەر بەرەو پێشچوونی ئابوری و گەلی عێراق بەگشتی ھەیە، بەھەموو شێوەیەک بەرەنگاری توندوتیژیەکانی وڵات دەبینەوە.
مالیکی گوتی: بەدڵنیاییەوە دەبێت بە سوپاو پۆلیس و سەربازەوە ھەوڵ بۆ لەناوبردنی ئەو گروپانە بدەین، بەڵام بەتەنھا ناتوانین لەڕێگەی سوپاوە بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە، ئەمانە بەس نییە، پێویستیمان بە لایەنی سیاسی ھەیە، ئێمە ھەوڵدەدەین بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشانە، بەھەوڵی خۆمان و دۆستایەتی وڵاتانی ئەمریکا تێرۆرستان لەناو دەبەین.
مالیکی داوای لەکۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد بەئەرکی سەرشانی لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر ھەستێ.
مالیکی گوتی: "بۆ بەرەنگاربونەوەمان لەگەڵ تیرۆرستان پێویستیمان بە زانیاریی ھەواڵگری ھەیە، مافی خۆمانە لەو رووەوە داوا لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بکەین، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆر، تیرۆر یەک ئاین یان زمانی نییە، داوای ھاوکاری لە سەرجەم ئەو وڵاتانە دەکەین کە لە وڵاتەکەیاندا رووبەڕووی تیرۆر بوونەتەوە".
دوای وتارەکەیشی، مالیکی وەڵامی پرسیارەکانی دایەوە. سەبارەت بە پەیوەندی وڵاتەکەی لەگەڵ سوریا، گوتی: ھیچ رێکەوتنێک لەنێوان وڵاتەکەماندا واژو نەکراوە، ئێمە پشتیوانی لە ڕژێم و ئۆپۆزیسیۆنیش ناکەین، ئاواتمان بەجێھێنانی داواکاریی گەلی سوریایە.
لەبارەی بەشداریکردنی لەھەڵبژاردنی داھاتووی عێراق مالیکی گوتی: ئەم پرسیارە ھەموو ڕۆژێک ئاراستەم دەکرێ، من ئەم کارە نازانم، گەلی عێراق بڕیار لەسەر ئەم کارە دەدات، ئەگەر ئەوان گۆڕانێکیان دەوێت گەلی عێراق بڕیار دەدات.