وان
دوای راگەیاندنی پاکێجی دیموکراسی لە تورکیا، گۆڕینی ناوی گوند و شوێنەکان دەستپێکرد و یاسای گۆرانکاری ناوی شاری "ڤان"یشی گرتەوە کە بە فەرمی وا دەنووسرێ، ئایسەل توخلوک پەرلەمانتاری سەربەخۆ رەشنووسی پرۆژەیاسایەکی پێشکەشی پەرلەمانی تورکیا کرد کە ناوی شارەکە بگۆڕێ، بەڵام رێکخراوەکان بەگشتی پشتگیرییان نەکرد.
سەلمان تۆپراک سەرۆکی گشتی بۆرسەی وان بۆ پەیامنێری ئانادۆڵوی راگەیاند گۆرینەوەی ناوی شارۆچکەی سێرت "ئایدنلار" بۆ " تیلۆ" بەباش دەبینم و بەگەشبینی تەماشای ئەم ھەڵمەتە دەکەم.
تۆپراک گۆرینی ناوی شاری وان بە کارێکی باش نابینێ لەو رووەوە کە لە ھەموو جیھان بەو ناوەوە ناسراوە، بەڵام پشگیریی گۆرینی ناوی شارۆچکەی ھەکاری "یوکسەکئۆڤا" بۆ "گەڤەر" دەکات و پێی وایە ھەر ناوێک لە ھەموو دنیا ناسرا گۆڕینی بۆ ناوێکیتر کارێکی ئاسان نییە.
نەجمەدین چۆک سەرۆکی پیشەسازی وانیش لە بارەی گۆرینی ناوی شاری وان-ەوە گوتی: "گۆرینی ناوی شاری "ڤان" بۆ "وان" کاریگەریی خراپی لەسەر ئابووریی شار و ناوچەکە دەبێ، چونکە زۆر کەس بە ناوی ڤان ئەم شارە دەناسن و لە ھەموو جیھانیش وەکو مارکەیەک ناسراوە. لە بەرئەوە ئەو پێشنیازە بە دروست نابینم و داواکارم ناوەکەی وەک خۆی بمێنێ.
لەلایەکی دیکەوە موراد تیمور سەرۆکی ژووری پارێزەرانی وان روونیکردەوە لە زمانی کوردیدا ناوی "وان" بەکار دەھێنرێ. چەند ساڵ لەمەوبەر لە سەر ناوی نۆرشین-یش ھەمان مشتومڕ سەری ھەڵدا، بەڵام کاتێ عەبدوڵا گول سەردانی نۆرشینی کرد، لەگەڵ ناوە رەسمیەکەی کە گورئۆیماکە ناوی "نۆرشین"یشی بەکارھێنا.
ھەروەھا گوتی، گۆرینی ناوی شاری "ڤان" بۆ "وان" زۆر ئاسانە و ئەمەش یارمەتی و پشتگیری پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا دەکات، ھەروەھا پەیوەندیی پارتی ئاشتی و دیموکراسی لەگەڵ حکومەت بەھێزتر دەکات.