Dlshad Saifaalddin Ahmed
24 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 25 تشرینی دووەم 2016
ئەمڕۆ لە رێوڕەسمێكدا لە شاری سلێمانی بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەزگای گشتی كاروباری مین و بەرپرسی كونسوڵخانەی فەڕەنسا لە هەولێر و ژمارەیەك لە سیناتۆری فەڕەنسی و بەرپرسانی ئیداری سلێمانی، كۆتایی بە خولێكی تایبەتی هەڵگرتنەوەی مین و تەقەمەنی هات كە لەلایەن حكوومەتی فەڕەنسا بۆ ژمارەیەك لە كارمەندانی دەزگای مین كرابوویەوە.
سەرۆكی دەزگای كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان، محەمەد ئەحمەد لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئامانجی سەرەكی لە كردنەوەی ئەم خولە لە دوای هاتنی رێكخراوی تیرۆریستی داعش بۆ ناوچەكە ژمارەیەكی زۆری بۆمبی چێنراو لە هەموو ئەو ناوچەیە دانراون و مەترسی لەسەر گیانی هەزاران هاووڵاتی هەیە كە ئێستا ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەكانیان".
محەمەد ئەحمەد گوتی: "ئەو تەكنەلۆجیایەی داعش بەكاری هێناوە تەكنەلۆجیایەكی زۆر تازەیە، بەجۆرێك نەك هەرێمی كوردستان بەڵكو بە نسبەت هەموو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە لە رووی تەكنیكییەوە مامەڵەكردنێكی تایبەتی دەوێت و ئێمە ئەزموونمان لەو رووەوە وەك پێویست نەبووە، بۆیە حكوومەتی فەڕەنسی لەو رووەوە هاوكاری ئێمەی كردووە و ئەم خولەمان كردووەتەوە تاوەكو دەرچووانی خولەكە لە ماوەیەكی نزیكدا بنێرینە ناوچەكانی پاشماوەی داعش بۆ پوچەڵكردنەوەی بۆمبی چێنراو و پاكردنەوەی ئەو ناوچانە".
سەرۆكی دەزگای كاروباری مین لە هەرێمی كوردستان گوتیشی: "داعش زیاتر لەسەر بۆمبی چێنراو كار دەكات و هەموو ئەو ناوچانەی داعش چووەتە ناویەوە و دواتر لەلایەن پێشمەرگەوە ئازاد كراونەتەوە ناوچەی مەترسیدارن و ئێمە هیچ گرەنتییەك بە دانیشتووانی ئەو ناوچانە نادەین بۆ گەڕانەوە، تا ئەو كاتەی ئێمە پشكنین بۆ ئەو ناوچانە نەكەین و دڵنیا نەبینەوە لەوەی ناوچەیەكی ئارامە".
ناوبراو ئاماژەی بەوەش كرد کە لە ئێستادا سەرقاڵی ئەوەن زانیاری تەواو لەسەر بۆمبی چێنراو كۆبكەنەوە، بۆ ئەو مەبەستەش رێكخراوی نەتەوەیەكگرتووەكان و رێكخراوە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەكانی تریش هاتوونەتە هەرێم و پێكەوە لێكۆڵینەوە لەسەر ئەو بابەتە دەكەن.
لای خۆیەوە كونسوڵی گشتی فەڕەنسا لە هەرێمی كوردستان، دۆمینیك ماس گوتی: "فەڕەنسا ئەندامی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی شەڕی دژبە داعشە و لەشەڕی داهاتووشدا كە شەڕی هەڵگرتنەوەی مینە بەشداری باش و كارامان دەبێت لە شەڕی هەڵگرتنەوەی مین، بۆ ئەو مەبەستەش لەگەڵ بەرپرسانی هەرێم كۆدەبینەوە بۆ دیاری كردنی رێوشوێنەكان".