Zana Natık Kerem
16 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 17 حوزەیران 2019
بەغدا ــ AA
سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ھاوپەیمانییەتی ھێزەکانی عێراق ھەڵبژێردرا.
ھاوپەیمانییەتی ھێزەکانی عێراق کە ژمارەیەک لە لایەنەکانی سوننە لەخۆدەگرێت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تیادا ئاماژەی بەوەداوە کە لە میانی کۆبوونەویەکیاندا بە کۆی دەنگ محەمەد حەلبوسی بە سەرۆکی ھاوپەیمانییەتەکە ھەڵبژێردراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ھاتووە "فەلاح زێدان بە سەرۆکی فراکسیۆنی ھاوپەیمانییەتی ھێزەکانی عێراق لە ئەنجوومەنی نوێنەران ھەڵبژێردراوە".
زاندراوە کە ٤٠ ئەندامی ھاوپەیمانییەتی ھێزەکانی عێراق لە کۆبوونەوەکەدا، ئامادەبوون.
پێشتر لایەنەکانی سوننە ھاوپەیمانییەتییەکیان لەژێر ناوی "میحوەری نیشتمانی" بەسەرۆکایەتی خەمیس خینجەر پێکھێنابوو کە گەورەترین فراکسیۆنی سوننە بوو لە ئەنجوومەنی نوێنەران بەو پێیەی لە کۆی ٣٢٩ کورسی خاوەن ٥٠ کورسی بوو.
بەڵام لە ناوەڕاستی مانگی ئایاری رابردوودا، ناکۆکی کەوتە نێوان لایەنەکانی نێو ھاوپەیمانییەتی "میحوەری نیشتمانی" کە بە ھۆیەوە بەسەر دووبەرەدا دابەش بوو کە ئەوانیش ھاوپەیمانییەتی "ھێزەکانی عێراق" و "میحوەری نیشتمانی"ین.
بەپێی تەوافوقی نێوان لایەنە سیاسییەکان لە عێراق پۆستی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوینەران پشکی سوننەیە و پۆستی سەرکۆمار پشکی کورد و پۆستی سەرۆکوەزیرانیش پشکی شیعەیە.