05 حوزەیران 2018•نوێکردنەوە: 06 حوزەیران 2018
هەولێر - AA
بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ، موسلیح زرار رایگەیاند "چەکدارانى پەکەکە لە سنوورى ناحیەکەمان لە رۆژى شەممەوە تا ئێستا سێ هاووڵاتییان دەستگیرکردووە و چارەنووسیان نادیارە و داوا لە چەکدارانى پەکەکە دەکەین هەرچى زووە ئەو هاووڵاتییانە ئازاد بکرێن و لەوە زیاتر نەبنە مایەى کێشە و نیگەرانى دانیشتووانى سنوورەکە".
موسلیح زرار لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "هیچ هۆکارێک نییە بۆ دەستگیرکردنى ئەو سێ هاووڵاتییە، بەڵکو تۆمەت و گومانى ناڕەوا و نابەجێیان خراوەتە پاڵ، دەستگیرکردنى ئەو سێ هاووڵاتییە لە کاتێکدایە کە جموجۆڵى سوپاى تورکیا لە ناوچەکە زیاتر بووە".
بەڕێوەبەرى ناحیەى وەرتێ دەڵێت "تاکە چارەسەر بۆ هەموو کێشەکانى سەرتاسەرى ناوچە سنوورییەکانى نێوان تورکیا و هەرێمى کوردستان دەرچوونى پەکەکەیە لە ناوچەکە. چونکە ئارامییان لە هاووڵاتییانى گوند و شارەدێ و شارۆچکەکانى سنوورەکە تێکداوە".
سەرچاوەیەکى ئاگادار لەنێو کەسوکارى رفێنراوان بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "ئەگەر ئەو سێ هاووڵاتییە کە بە تەمەن گەنجن و بڕوانامەى زانکۆ و پەیمانگەیان لە هەرێمى کوردستان بە دەستهێناوە تا ئێوارە ئازاد نەکرێن، هەڵوێستى دیکەمان دەبێت و رێکارى دیکە دەگرینەبەر".
لەبارەى ناو و ناسناوى دەستگیرکراوان سەرچاوەکە دەڵێت "عومەر عەبدوڵڵا مەحمود، هەڵگورد حەمەدەمین و دانا خزر ناوى دەستگیرکراوەکانە و دانیشتووى ناحیەى وەرتێ-ن".
ناحیەی وەرتێ لە رووی کارگێڕییەوە سەربە قەزای رەواندز باکووری رۆژهەڵاتی پارێزگای هەولێرە.