بەیروت
سەرکۆماری لوبنان میشال سلێمان رایگەیاند نابێ پەیوەندی نێوان لوبنان و سعودیە بە ھۆی تۆمەتی بێ بنەما و ناڕاست خراپ بن.
سەرکۆماری لوبنان لە کاتی دەستپێکردنی کۆنفرانسی دیموکراسی و واقیعیەت لە ناوچەی جوبەیل لە باکوری لوبنان ئەو دەنگۆیانەی رەت کردەوە کە گوتیانبوو بەرپرسانی تەقینەوەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروت پەیوەندییان بە سعودیەوە ھەبووبێ.
سلێمان لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا جەختی لەوە کردەوە نابێ پەیوەندییە مێژووییەکانی نێوان لوبنان و سعودیە بە ھۆی تۆمەت و ئیدیعای ناڕاستەوە خراپ بکرێن.
سکرتێری حزبوڵا حەسەن نەسروڵلا رایگەیاندبوو بەرپرسی تەقینەوەکەی بەردەم باڵیۆزخانەی ئێران لە بەیروت لەگەڵ ئیستیخباراتی سعودیە پەیوەندی ھەبووە، لیوای عەبدوڵڵا عەزام پەیوەندی راستەوخۆی بە ئیستیخباراتی سعودیەوە ھەیە.
بە ھۆی ئەو تەقینەوەیە لە ١٩ی مانگی رابردوو ٢٥ کەس کوژرابوون و ١٤٧ کەسی دیکەیش بریندار ببوون و سعودیەیش بە توندی ئیدانەی ئەو تەقینەوانەی کردبوو.