Hamit Hüseyin
22 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 22 حوزەیران 2016
ئینستیتیوتی مێری بە سازدانی وۆرکشۆپێک تاوتوێ سیاسەت و ستراتیژییەکان دەربارەی مووسڵ و لە قوناغەکانی پێش و دوای داعشی کرد و ھەروەھا لەو وۆرکشۆپە بوارەکانی ئەمنی و سیاسیی و مرۆیی خرانەڕوو و نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان و بەرپرسانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و کۆنسولی گشتیی وڵاتان لەوێ بەشدار بوون.
لەو وۆرکشوپە کۆنسولی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان مەحمەد ئاکیف و ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر، ئەندامی مەکتەبی سیاسی یەکێتیی نشتیمانیی سەعدی ئەحمەد پیرە و بەرپرسی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ھەرێم فەلاح مستەفا و پارێزگاری ھەولێر نەوزاد ھادی و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاری نەینەوا بەشار کیکی و چەندین بەرپرسی سەربازیی ئەمەریکی و کورد بەشدار بوون.
بەرپرسی ئینستیتیوتی مێری دکتۆر دلاوەر عەلائەدین بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "پرسی مووسڵ زۆر گرنگە بۆ ھەرێمی کوردستان و بەتایبەتی بۆ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست و حاڵەتی تەناهی و سەقامگیری ئەو شارە دوای رزگارکردن و ھەروەھا پرسی پێکەوە ژیان بۆ ئەو نەتەوانەی لە نێو مووسڵن باس دەکرێن و لە ئێستادا پێویستە ھەموو لایەنەکانی دەرەکی و ناوخۆیی بۆ ئەو پرسە ئاڵوگۆڕی بیروڕا بکەن و پلان و رێککەوتنی سیاسی و کۆمەڵایەتی و مرۆییان ھەبێت بۆ کاتی شەڕ و دوای شەڕ و ئەوەش پێویستی بە رەوشێکی راشکاوانە و ئاکادیمی و بێلایەنە".
بەرپرسی ئینستیتیوتی مێری ھەروەھا گوتی: "ھەموو بوارەکانی سەربازیی و مرۆیی و تەناهی باس دەکرێت، ئێمە چەندین نموونەی رزگارکردنی ناوچەکانی ژێردەستی داعشمان بینی ھەر لە تکریت، فەللوجە و شنگال و چەندین ناوچەی دیکە کە ھەریەک بە شێوازێک رزگار بوو و لە ئێستادا نۆرەی مووسڵە وئێمە ترسمان لە کارەساتە و ئەویش لە کاتی رزگارکردنی، دەبێت رێگە بە پشێوی و تۆڵەسەندنەوە نەدرێت چونکە دەبێتە کارەساتێکی گەورە و ئەو پرسە لە ئارادایە ئەو کەسانەی بۆ رزگارکردنی شارێکی دوو ملیون کەسی دەچن با نەکەونە ئەو دۆخەی کە یاسای نێودەوڵەتی مافی مرۆڤ پێشێل بکەن و رووباری خوێن درووست بکەن و لەو شارە دوژمنایەتی قووڵ نەبێتەوە".
ھەروەھا ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە جەبار یاوەر لەبارەی شەڕی مووسڵ بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "تا ئێستاش پرسی رزگارکردنی مووسڵ و بەشداریی پێشمەرگە و ھێزەکانی دیکە لەو شەڕە ھیچ کۆبوونەوەی فەرمی نەکراوە لە گەڵ حکوومەتی فیدرالی عێراق بۆ ئەوەی رۆڵی ھێزەکان دیاری بکرێت بەڵام لە ھەمان کات لە ئێستادا ئوپەراسیونەکانی چواردەوری مووسڵ دەستی پێکردووە و ھەر ھێزێک لە میحوەری خۆی دستی بە ئوپەراسیۆن کردووە بەڵام بۆ سەنتەری شاری مووسڵ ھێشتا پلان دانەنراوە".