Heman Hussein Yaseen
05 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 05 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
کاتژمێر ١٠ی بەیانیی ئەمڕۆ دووشەممە، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت و تیایدا سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی راپۆرتێک لەسەر دۆخی ھەنووکەیی ھەرێمی کوردستان پێشکەش دەکات.
راپۆرتە چاوەڕوانکراوەکەی سەرۆکی حکوومەت پوختەیەکی راپۆرتێکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانە لە ماوەی یەک ساڵی دەستبەکاربوونیدا و بڕیارە لە ئایندەیەکی نزیکدا بڵاو بکرێتەوە.
لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستاندا، مەسرور بارزانی، تیشک دەخاتە سەر چەند تەوەرێکی گرنگ، لەوانە (پڕۆسەی چاکسازیی لە بواری دارایی و کارگێڕی، یاسای چاکسازیی، پلانەکانی رووبەڕووبوونەوەی قەیرانی دارایی و پەتای کۆرۆنا، پڕۆژە خزمەتگوزاری و ستراتیجییەکان لە بوارەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازی و رێگاوبان و کارەبا. پرۆسەی گفتوگۆ و دانوستان لەگەڵ بەغدا و دۆخی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی ھەرێم و دۆسیەکانی نەوت و دارایی و پێشمەرگە).
هەریەک لە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئومێد خۆشناو و سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، زیاد جەبار بەهۆی تووشبوونیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ ئامادەی دانیشتنەکە نابن.