Hemin Hüseyin
15 کانوونی دووەم 2019•نوێکردنەوە: 15 کانوونی دووەم 2019
هەولێر - AA
ئەمڕۆ سێشەممە راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئێران، محەمەد جەواد زەریف و شاندێکی یاوەری کرد.
بەپێی هەواڵێکی نووسینگەی راوێژکاری ئەنجوومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان کە کۆپییەکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو نێردراوە لە دیدارێکدا دوا پەرەسەندن و رەوشی ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێمی کوردستان و کۆماری ئیسلامی ئێران گفتوگۆی لەسەر کراوە.
مەسرور بارزانی وێڕای بەخێرھێنانی وەزیری دەرەوەی ئێران، تیشکی خستووەتە سەر پەیوەندی لە مێژینەی نێوان ھەردوو گەلی کوردستان و گەلانی کۆماری ئیسلامی ئێران و ئاماژەی بە دراوسێیەتی باش و بەرژەوەندییە ھاوبەشەکان داوە لە سەر بنەمای رێز و ھاوسەنگی دوولایەنە.
ئاماژە بەوەشکراوە کە لە دیدارەکەدا ھەڕەشەکانی تیرۆریستان و پەرەسەندنی پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و ھەولێر و پرسە ھاوبەشەکان و پێشھاتەکانی ناوچەکە تاوتوێکراوە.
وەزیری دەرەوەی ئێران ھیوای سەرکەوتنی بۆ مەسرور بارزانی خواستووە لە سەرۆکایەتیکردنی کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و باسی لە بایەخی پەرەپێدان بە میکانیزمی پەیوەندییەکان، بەتایبەتی لە بواری پەیوەندییە ئابورییەکان لە چوارچێوەی پەیوەندییە ئابووریەکانی ئێران و عێراق کردووە و رایگەیاندووە کە سەقامگیری و ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و عێراق بۆ ئێران گرنگە و لەو پێناوەدا ئامادەی پەرەپێدانی ھەموو ھاوکارییەکانن.