Sarmand Hameed
28 تشرینی یەکەم 2022•نوێکردنەوە: 28 تشرینی یەکەم 2022
هەولێر-AA
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی رایگەیاند، لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی قسەی کردووە و لەپێناو دەستپێکێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، پشتیوانی خۆی بۆ دووپات کردووەتەوە.
مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنییدا، پیرۆزبایی لە سەرۆکوەزیرانی نوێی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی کرد بە بۆنەی متمانەپێدانی لەلایەن ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقەوە.
سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەر نووسیوویەتی: "ئەمشەو بە تەلەفۆن لەگەڵ سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی قسەم کرد و دڵنیام کردەوە کە پشتیوانیی دەکەم لەپێناو دەستپێکێکی نوێ لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، کە ببێتە هۆی پەرەپێدانی هەماهەنگیی و گفتوگۆ لە بری ململانێ و رووبەڕووبوونەوە. وڵات پێویستی بەم جۆرە هاوبەشییەیە".
رۆژی پێنجشەممە، لە دانیشتنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کە تایبەت بوو بە متمانەدان بە ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەت، دەنگ بە کارنامە و ئەندامانی کابینەی نوێی حکوومەتی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سوودانی درا.