22 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 23 ئاب 2017
هەولێر - AA
سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی لە وەزیری بەرگریی ئەمریكا، جەیمس ماتیس و شاندێكی یاوەری كرد كە پێكهاتبوو لە نێردەی تایبەتی سەرۆكی ئەمریكا بۆ هاوپەیمانێتیی شەڕی دژی داعش، برێت مەكگۆرگ و باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، دۆگلاس سڵیمان و ژمارەیەك لە بەرپرس و ڕاوێژكاری وەزارەتی بەرگریی ئەمریكا.
ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، لە دیدارەكەدا كە كۆسرەت ڕەسوڵ عەلی جێگری سەرۆكی هەرێم و ژمارەیەك لە بەرپرسە ئیداری و سیاسی و سەربازییە باڵاكانی هەرێم ئامادەی بوون، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی وەزیری بەرگریی ئەمریكا و شاندی یاوەری كرد و سوپاسی گەل و حكوومەتی ئەمریكای كرد كە لە شەڕی تیرۆریستاندا یارمەتیی گەلی كوردستانیان داوە و ئەوەیشی خستەڕوو كە هەروەكچۆن لە سەرەتاوە لەسەر شەڕی تیرۆر سوور بووین لە ئێستا و لە داهاتوویشدا پێداگیر دەبین لە دژایەتیكردنی تیرۆر. هەروەها ئەوەیشی ڕاگەیاند كە ئازادبوونی مووسڵ بە مانای تەواوبوونی داعش نییە و تیرۆر هەڕەشەیەكی بەردەوامە كە سنوور ناناسێ بۆیە هەمیشە پێویستیمان بە هەماهەنگی و هاوكاریی یەكتر هەیە بۆ ئەوەی تیرۆر تێكبشكێت و كاریگەریی نەمێنێت.
دواتر وەزیری بەرگریی ئەمریكا ئامانجی هاتنی بۆ كوردستان و دیداری لەگەڵ سەرۆك بارزانی بۆ دەربڕینی سوپاس و پێزانین بۆ هێزی پێشمەرگە و سەرەخۆشی لە كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە لە قەڵەمدا و ئەوەی دووپات كردەوە كە بە بێ پێشمەرگە سەركەوتن لەدژی تیرۆریستان بەدی نەدەهات و سووربوونی وڵاتەكەی لەسەر ڕووبەبەڕووبوونەوەی تیرۆر ڕاگەیاند و ئەوەیشی باس كرد كە بۆ ئەمەریكا شانازییە كە پشتیوانی پێشمەرگە بووە و هاوكاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا زۆر گرنگە بۆ مسۆگەر كردنی سەركەوتن و ویستی وڵاتەكەیشی خستەڕوو بۆ پابەندبوون و بەردەوام بوون لەبەرانبەر دوژمنی هاوبەش كە تیرۆرە.
پرسی ڕیفراندۆم و مافی گەلی كوردستان بۆ دیاریكردنی چارەنووس تەوەرێكی دیكەی ئەو كۆبوونەوەیە بوو و تێیدا وەزیری بەرگریی ئەمریكا تێگەییشتنی خۆی بۆ قووڵایی ماف و داواكاریی گەلی كوردستان و مێژوو و خەبات و نەهامەتییەكانی خستەڕوو و ئاماژەیشی بە نیگەرانییەكان و هەڵوێستی وڵاتەكەی لە هەمبەر ئەنجامدانی ڕیفراندۆم دا و ڕایگەیاند كە ڕیفراندۆم دوور بوو لە پێشبینییەكانی وڵاتەكەی و ئەمەریكا وای بۆ دەچێ كە ڕەنگە ئەو پڕۆسەیە كۆسپ لەبەردەم شەڕی داعش دروست بكات و كێشەیش بۆ كاری هاوبەشی هەردوولا لە شەڕی تیرۆر دروست بكات. وەزیری بەرگریی ئەمریكا دانوساندنی نێوان هەولێر و بەغدای بە بابەتێكی باش زانی و ڕایگەیاند كە وڵاتەكەی پشتیوانی دانوساندن و گفتوگۆی بەردەوامی نێوان هەرێم و بەغدا دەكات.
هەر سەبارەت بە پرسی ڕیفراندۆم سەرۆك بارزانی ئەوەی بە شاندی میوان ڕاگەیاند كە ڕیفراندۆم بابەتێكی شەخسی نیە و مافی گەلە و لەگەڵ هیچێك لە پڕەنسیپەكانی مافی مرۆڤ و دیموكراسی ناكۆك نییە و بە هیچ شێوەیەك كێشە بۆ شەڕی تیرۆر دروست ناكات. لە درێژەی وتەكانیدا سەرۆك بارزانی باسی نەهامەتییەكانی گەلی كوردستانی كرد لە ژیان لەگەڵ دەوڵەتی عێراق و پێشێلبوونی دەستوور و نەمانی پڕەنسیپی شەراكەت و تەوافوق و گوتیشی دەستووری عێراقیش ئەو مافەی بە گەلی كوردستان داوە كە لە دیباچەكەیدا بەڕوونی ئاماژە دراوە كە پابەندبوون بە دەستوور مەرجە بۆ مانەوەی عێراق بە یەكپارچەیی.
سەرۆك بارزانی ڕاشیگەیاند یەكگرتنی بەزۆر هیچ كات سەركەوتوو نەبووە و ئێمە یەكگرتنی ئارەزوومەندانەمان هەڵبژارد بە مەرجی شەراكەت بەڵام چونكە شەراكەت سەری نەگرت و لەپێناو ڕێگەگرتن لە كێشەی قووڵتر دەمانەوەێ وەك دوو جیرانی باش لە تەنیشت یەكتر بژیین. سەرۆك بارزانی ئەوەیشی خستەڕوو كە هەر داوایەك بۆ دواخستنی ڕیفراندۆم دەبێ بەدیلی هەبێت و ئەو بەدیلەیش دەبێ بەهێزتر بێت لە ئامرازی ڕیفراندۆم.
سەرۆك بارزانی جەختیشی لەوە كردەوە كە گەلی كوردستان شێوازی ئاشتیانە و دوور لە توندوتیژی بۆ مسۆگەر كردنی مافەكانی گرتووەتەبەر و لە دانوساندن بەردەوام دەبێت بۆ دیاریكردنی سرووشتی پەیوەندیی خۆی لەگەڵ عێراق و بۆ ئەوەی بگەنە قەناعەت كە هەردوولا وەك جیران لەگەڵ یەكتردا بژیین.
لە كۆتاییدا هەردوولا كۆك بوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندیی دووقۆڵی.