کەرکووک
لە دوای ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو فەرمانبەرانەی کە بە سیستەمی پێترۆ دۆلار کار دەکەن، دەیان کەس لە پێش بینایەی پارێزگای کەرکووک کۆبوونەوە و رێگای سەرەکی ناوەندی شاریان داخست.
ھاوکات خۆپیشاندەران بە درووشمی، "پارەی نەوتی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات؟"، "مووچەکانمان پێ بدەن"، نارەزایی خۆیان دەربڕی.
ئیبراھیم سودات کە چەندین ساڵە لە بەرێوەبەرایەتی پرد و رێگای کەرکووک بە شێوەی گرێبەست کاری دەکرد، بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ئەوان بۆ ماوەی شەش مانگە مووچەیان وەرنەگرتووە، ھەروەھا گوتیشی: "مووچەکانمان وەرنەگرت، ھاوکات بەبێ ھێنانەوەی بیانوو گرێبەستەکانیان ھەڵوەشاندەوە، ئەوان تەنھا گوتیان ئێمە بوودجەمان نییە و بڕۆنە ماڵەوە. ئێمە تەنھا پارەی شەش مانگی خۆمان دەوێت".
خۆپیشاندەرێکی دیکەش بەناوی مونا ھانی کە لە بەڕێوەبەرایەتی سەرچاوەیی مرۆیی کاری دەکرد، گوتی: "ئێمە کەرکووکین، پێویستە پێش ھەموو کەسێک ئێمە لە دەوڵەمەندی کەرکووک سوودمەند بین، ئایا نەوتی کەرکووک بۆ کوێ دەڕوات، ئێمە مووچەی حەوت مانگی خۆمان دەوێت".
فەرمانبەری گرێبەستی بەڕێوەبەرایەتی شارەوانی کەرکووک، موراد وەھبی گوتی: "من لەوەتەی ساڵی ٢٠١١ەوە وەک گرێبەست کار دەکەم، چوار ساڵە خزمەت دەکەم، نزیکەی شەش مانگە مووچەمان وەرنەگرتووە، لە پەنای ئەمەش گرێبەستی ئێمەیان ھەڵوەشاندەوە".
مامۆستای زانکۆی کەرکووک، رێناس عەباس کە بەشێوەی گرێبەست وانە دەڵێتەوە، بە ئاژانسی ئانادۆڵو راگەیاند کە "ئەوان نازانن داھاتوویان چی بەسەر دێت، نزیکەی مانگێکە بەشە وانەی خۆم نادەن، ھاوکات مووچەی مانگەکانی دیکەم وەرنەگرتووە".