ئیدلب
بەهۆی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی سوپای رژێمی سووریا لە ناو بازاڕێكی شارۆچكەی ئەریحای سەربە پارێزگای ئیدلب، كە لە ژێر كۆنترۆڵی هێزەكانی ئۆپۆزسیۆندایە 35 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستدا و 120ی دیكەش برینداربوون.
لەو بارەیەوە لێپرسراوێكی بەرگری شارستانی لە شارۆچكەی ئەریحا بەناوی رامی كورابی، رایگەیاند "لە ئەنجامی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەیەكی جەنگی سەربە هێزەكانی بەشار ئەسەد لە ناو بازاڕێكی شارۆچكەی ئەریحا 35 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستدا، 120ی دیكەش برینداربوون".
كورابی، ئاماژەی بەوە كرد لەو شوێنەی كە فڕۆكەكەی تێدا كەوتە خوارەوە شەش بینا بەتەواوەتی خاپوور بوون، پاش رووداوەكەش تیمەكانی بەرگری شارستانی ژمارەیەكی زۆر قوربانیان لەژێر داروپەردووی رووخاوی بیناكان دەرهێناوە.
سەبارەت بە رووداوی كەوتنە خوارەوەی فڕۆكەكە، حكوومەتەكەی بەشار ئەسەد و ئۆپۆزسیۆنی سووریا تا ئێستا هیچ روونكردنەوەیەكیان لەبارەی هۆكاری كەوتنەخوارەوەكە بڵاونەكردۆتەوە.