Hemin Hüseyin
14 مای,س 2018•نوێکردنەوە: 15 مای,س 2018
هەولێر - AA
ماڵپەڕی فەرمیی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، سەرۆکوەزیرانی هەرێم، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە نێردەی تایبەتی سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی دژ بە داعش، برێت مەکگۆرگ و شاندێکی یاوەری کردووە کە پێکهاتوون لە باڵیۆزی ئەمریکا لە عێراق دۆگلاس سیلیمان و ژمارەیەک کەسایەتی دیپلۆماسی.
لە دیدارێکدا شاندەکە دەستخۆشیان لە خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق کردووە بۆ بەشداریکردنیان لە پڕۆسەی هەڵبژاردن و بە پێویستیشیان زانیووە کە لایەنە کوردستانییەکان یەک دەنگ بن لەگەڵ هێزە سیاسییە براوەکانی دیکە بۆ پێکهێنانی کابینەیەکی نوێی حکوومەتی عێراق و ئاماژەش بە رۆڵی پەرلەمانتاران کراوەوە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی خەڵکی کوردستان.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی ئاماژەی بە رێژەی بەشداریی ھاووڵاتییانی ھەرێمی کوردستان لە ھەڵبژاردنەکە کردووە کە بەراورد لەگەڵ بەشەکانی دیکەی عێراق، زۆر زیاتر بووە، ھەروەھا ئاماژەی بەوەش کردووە کە دەبێت لایەنە براوە عێراقی و کوردستانییەکان دانوستانی پێکھێنانی کابینەی نوێی حکوومەت دەستپێبکەن بە شێوەیەک پرۆژەی سیاسی و ئاوەدانکردنەوە و دیدی بۆ ئێستا و داھاتووی عێراق ھەبێت و لایەنە کوردییەکانیش بە جەختکردنەوە لە مافە دەستوورییەکانی ھەرێمی کوردستان، رۆڵێکی کاریگەریان تیادا ھەبێت.