Hemin Hüseyin
24 تشرینی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 24 تشرینی یەکەم 2018
هەولێر - AA
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی و باڵیۆزی تورکیا لە عێراق فاتیح یڵدز، پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان ھەولێر و ئەنقەرەیان لە ھەموو رووێکەوە بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و ئابوورییدا، دووپاتکردەوە.
بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی فەرمی سەرۆکایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، فاتیح یڵدز کرد و باڵیۆزی تورکیا خۆشحاڵیی خۆی بە یەکەم سەردانی بۆ ھەرێمی کوردستان دەربڕیووە و پیرۆزباییی سەرکەوتنی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانی لە سەرۆکوەزیران کردووە و، بەشداریی بەھێزی ھەرێمی کوردستانی لە پرۆسەی سیاسیی عێراق و کابینەی نوێی حکوومەتی عێراقدا و چارەسەرکردنی کێشەکانی ھەولێر ـ بەغدای لە چوارچێوەی دەستووردا بە پێویست زانیووە.
لە بەشێکی هەواڵەکەدا ئاماژە بەوەکراوە کە سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی رایگەیاندووە ھێزە سیاسییەکانی کوردستان بە ھێزەوە لە بەغدا دەبن و بەشداری لە حکوومەتی عێراقدا دەکەن. سەبارەت بە ھەرێمی کوردستانیش تیشکی خستەسەر سەرکەوتنی ھەڵبژاردنەکانی پەرلەمان و ئاشکرایکرد کە لە سەروبەندی ئەوەدانە کە کابینەی نوێی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێکبھێنرێت.
لە کۆبوونەوەکەدا، کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە ھەرێمی کوردستان، هاکان کاراچای و شاندێکی یاوەری ئامادەیبوون، دۆخی ناوچەکە بەگشتی و چەندین تەوەری دیکەی جێی بایەخی ھەردوولا، تاوتوێکراون.