ھەولێر - AA
ئەمڕۆ دووشەممە، سێی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٢، بە بەشداری سەرکۆماری عێراق بەرھەم ساڵح، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق مستەفا کازمی، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رێواز فایەق، سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی و چەندین لایەنی عێراقی و ھەرێمی کوردستانیی، رێوڕەسمی پێنجەمین ساڵیادی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە شاری ھەولێر بەڕێوەچوو.
نێچیرڤان بارزانی لە میانی رێورەسمەکەدا گوتارێکی پێشکەش کرد و تیایدا رایگەیاند"ئەمڕۆ سێی ئۆکتۆبەر لە ساڵڕۆژی کۆچی دواییی سەرۆک مام جەلالدا، بە ِێز و شکۆوە یادی دەکەینەوە. راستە چەند ساڵێک بەسەر ماڵئاواییکردنیدا تێپەڕیوە، بەڵام ئێمە بە درێژاییی ئەم چەند ساڵە و دوای نەخۆشکەوتنی و دوورکەوتنەوەی لە کاری سیاسی و دەوڵەتی، ھەمیشە ھەستمان بەو بۆشایییە کردووە کە مام جەلال بەجێی ھێشتووە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان خۆشحاڵی خۆی نیشاندا سەبارەت بە راگەیاندنی (دامەزراوەی سەرۆک مام جەلال) و گوتی: "مێژووی مام جەلال بەشێکی گرنگە لە مێژووی ھاوچەرخی بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان، ھەبوونی دامەزراوەیەک بۆ نیشاندانی خەباتی ئەو، کارێکی گرنگە، ھەبوونی دامەزراوەیەک بۆ ئاشناکردنی نەوەی ئێستا و نەوەکانی داھاتوو بە تێکۆشانی مام جەلال، پێویستە و ھیوادارم کاری ئەم دامەزراوەیە بە باشی بەڕێوەبچێت، ئەو زۆری کرد بۆ رۆژنامەگەری، ڕۆشنبیری، چاپەمەنی کوردی، ھیوادارم ئەم دامەزراوەیەش درێژپێدەری ئەو ئاراستەیەی سەرۆک مام جەلال بێت".
نێچیرڤان بارزانی باسی لە سەرەتای ئاشنابوونی لەگەڵ مام جەلال کرد و گوتی: "من مام جەلالم لە رۆژی دروستکردنی ئاشتی و تەباییدا ناسیوە، لەبەرئەوە بۆ من زیاتر لە ھەموو شتێک، سەرکردە و یادگارێکی گەورەی پاراستنی ئاشتی و پێکەوەکارکردنە. رۆژی ھەشتی نۆڤەمبەری ١٩٨٦ ھەردوو رەوانشاد، مام جەلال و باوکم رێککەوتننامەی ئاشتیی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان واژۆ کرد، من ئەو رۆژە لە خزمەت باوکم چووبووم بۆ ئەو کۆبوونەوەیە، رۆژێکی زۆر مێژوویی بوو بۆ گەلی کوردستان، ئەو رۆژە، بۆ یەکەم جار مام جەلالم بینی، تا ئەوکاتەی نەخۆش کەوت و کۆچی دوایی کرد، رێز و پەیوەندییەکی باش لەنێوانماندا بەردەوام بوو، رۆحی ئەو گەورەیە بۆ لای خوای گەڕایەوە، بەڵام رێز و خۆشەویستیی مام جەلال لای ئێمە ھەمیشە بە زیندوویی دەمێنێتەوە".
ھەر لەوبارەیەوە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان گوتی: "ئەو رێککەوتنەی کە لە ساڵی ١٩٨٦ کرا، دواتر بە ئاشتبوونەوەی گشتی ناسێنرا، چونکە ھەموو حیزبەکانی کوردستانی عێراق دوای ئەو رێککەوتنە ئاشت بوونەوە و شەڕی ناوخۆ کۆتایی ھات و بەرەی کوردستانی دامەزرا، بە ھۆی بەرەی کوردستانییەوە، بزووتنەوەی رزگاریخوازی کوردستان و گەلی کوردستان بەرگەی ھەردوو تاوانی ئەنفال و کیمیابارانی گرت، ھەر بەھۆی بەرەی کوردستانیشەوە راپەڕین سەرکەوت و بۆ یەکەم جار ھەڵبژاردنێکی ئازاد لە کوردستان کرا، پەرلەمان و حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دامەزران".
نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانییدا ئەوەی وەبیرھێنایەوە "دوای ھەڵگیرسانەوەی شەڕی ناوخۆ لە ساڵی ١٩٩٤، ویستی سەرۆک مام جەلال بۆ ئاشتی و باوەڕی جەنابی سەرۆک بارزانی بە ئاشتی، وایکرد رێککەوتنی ئاشتیی ساڵی ١٩٩٨ لە واشنتن واژۆ بکەن و قۆناغێکی نوێی ئاشتی و پڕ لە دەستکەوتی دەستووری و سیاسی بۆ گەلی کوردستان تۆمار بکەن، زۆر دەستکەوت بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھاتن، ھەموویان بەھۆی پێکەوەکارکردنی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک بارزانی بوون، مام جەلال ھەموو شتێکی دەکرد بۆ ئەوەی جەنابی سەرۆک مەسعوود بارزانی دڵخۆش بێت، کاک مەسعوودیش ھیچ داوایەکی مام جەلالی رەت نەدەکردەوە، تەنانەت سەرۆک بارزانی لەپێناو مانەوەی پۆستی سەرکۆمار لەناو چوارچێوەی بڕیاری کوردستانی و لە دەستی مام جەلالدا، ملی نەدایە بەر گوشاری سەرۆکی ئەمریکا و گوشارە ناوچەییەکانیش لە ساڵی ٢٠١٠ و تاکو مام جەلال نەبووەوە بە سەرکۆمار، کۆڵی نەدا".
گوتیشی: "ئەم تەباییە ساڵانێکی درێژ، پڕ لە سەقامگیری و سەرکەوتن بوون بۆ گەلی کوردستان، بۆیەش بە راستی ھەقە ئەم ساڵانە پێیان بگوترێت “ساڵە زێڕینەکان”، ئەو ساڵانە و لە سایەی ئەو تەبایی و یەکڕیزییەدا، کوردستان بووژانەوەیەکی ھەمەلایەنە، سەقامگیریی، بەرەوپێشچوون، ئاوەدانی و خۆشگوزرانی بە خۆیەوە بینی کە مایەی خۆشحاڵی و شانازیی ھەموو کوردستانییان بوو".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەیشدا "مام جەلال زۆر پەرۆش بوو بۆ تەبایی، بەتایبەتی، تەباییی نێوان پارتی و یەکێتی چەند جارێک لەخۆی گوێم لێ بووە و گوتوویەتی: ئەگەر ڕۆژگار بگەڕابووایە دواوەوە، بە ھیچ شێوەیەک نەمدەھێشت ناکۆکی بکەوێتە نێوان من و بارزانیی نەمر. دواتر ئەو ھەستەی خۆی لە ڕاگەیاندنیشدا دەربڕی. مام جەلال زۆر بە باوەڕەوە دەیگوت کە ئەو یەکلایەنە بڕیاری داوە نەبێتەوە بەشێک لە ناکۆکی و شەڕی ناوخۆیی، ئینجا قوربانی و باجەکەی ھەرچییەک بێت".
نێچیرڤان جەختیشی کردەوە لەسەر ئەوەی "تەباییی پارتی و یەکێتی و مۆرکردنی رێککەوتننامەی ستراتیجیی نێوانیان لەسەر دەستی سەرۆک مام جەلال و سەرۆک مەسعوود بارزانی، دەستکەوتی زۆری بۆ گەلی کوردستان بەدەست ھێنان و دۆخێکی زۆر باشی گەشەکردنی ئاشتی و دیموکراسی لە کوردستان، دروست کرد، بەداخەوە ھەندێ کەس و لایەن لە کاتی ھەبوونی رێککەوتنی ستراتیژیدا، دەیانگوت: ئەمە خنکاندنی دیموکراسییە، بەڵام ئەگەر دۆخی دوای ناکۆکیی پارتی و یەکێتی لەگەڵ ئەوکات بەراورد بکەن، دەزانن ھەڵسەنگاندنەکەیان راست نەبوو. دوای رێککەوتننامەی ستراتیجیی، زۆرترین ھەڵبژاردنی گشتی و ھەڵبژاردنی ناوخۆیی کران. زۆرترین ھەڵبژاردنی ڕێکخراوە پیشەیی و سەندیکاکان کران".
گوتی: "دوای رێککەوتنی ستراتیجیی پارتی و یەکێتی، زەمینەی جێگیربوون و گەشەکردنی دامەزراوە دەوڵەتی و حکوومییەکان و دادگاکان رەخسا، زەمینەی دەرکەوتن و گەشەکردنی ئۆپۆزسیۆن لە ھەرێمی کوردستان دروستبوو، ئازادیی راگەیاندن زۆرتر بوو، ھەروەھا سنوورەکانی دووئیدارەیی کەم بوونەوە و زەمینەی یەکخستنی ھێزە ناوخۆکان و دروستبوونی ھاوئاھەنگی لەنێوان دەزگا ئەمنییەکاندا، فراوانتر بوو و ئەمانە ھەموویان بەرەی ناوخۆیان بەھێز دەکرد، ھێزی کوردستانیان لە عێراق و ناوچەکەدا کاریگەرتر دەکرد، رێزگرتن و پشتیوانیی جیھان بۆ گەلی کوردستان و مافەکانی، رۆژ بە رۆژ زیاتر دەبوو، ئەوانەی رەخنەیان لە رێککەوتنی ستراتیجیی پارتی و یەکێتی دەگرت، نەیاندەزانی ئەو رێککەوتنە زۆر پێویستە بۆ ئەم قۆناغەی ھەرێمی کوردستان! نەیاندەزانی ئەگەر رێککەوتنی ستراتیجیی نەبێت، بارودۆخی کوردستان خراپ و ھێزەکەی پەرت دەکات و کاریگەریشی کەمتر دەکاتەوە".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی راشیگەیاند "پارتی و یەکێتی وەک دوو ھێزی سەرەکی لە ھەرێمی کوردستان و عێراق، ئێستاش جارێکی دیکە پێویستییان بە رێککەوتنێکی تازەی ھاوبەشە بە گوێرەی ئەم قۆناغە، بە ھەموو شێوەیەک رێککەوتنی پارتی و یەکێتی و یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان ھەموو لایەن و پێکھاتە کوردستانییەکاندا زۆر پێویستە بۆ رێگرتن لە لاوازبوونی زیاتری بڕیار و ئیرادەی سیاسیی گەلی کوردستان، نابێت تەماشای ھیچ پێوەرێک بکەین جگە لە بەھێزکردنەوەی پێگەی ھەرێمی کوردستان، چونکە ھێزی ھەموومان بەندە بە ھێز و پێگەی ھەرێمی کوردستانەوە. بەھێزیمان، یەکڕیزیمانە. ئەوانەی دەتوانن ھەرێمی کوردستان بەھێز بکەنەوە، بەر لە ھەمووان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و تەبایی و یەکڕیزیی ھەموو لایەنەکانە".
نێچیرڤان بارزانی باسی لەوەش کرد "مام جەلال ھێز و گەورەیی بە پۆستی سەرکۆماری دابوو، چونکە ببووە ھۆکاری تەبایی بۆ ھەموو ھێزە عێراقییەکان، ببوو بە داکۆکیکارێکی زۆر باشی کورد، شیعە و سوننە و ھەموو پێکھاتەکانی دیکە. بارەگای مام جەلال لە بەغدا ببووە شوێنی خاوکردنەوە و نەھێشتنی ناکۆکییەکان، بە نەمانی مام جەلال لە بەغدا، کۆڵەگەیەکی گەورەی تەوافوق لەدەست چوو، سەنتەرێکی سەرەکیی گفتوگۆی سیاسی نەما، بە ڕادەیەک ئێستاش خەڵک و ھێزە عێراقییەکان ھەستی پێدەکەن".
گوتیی: "ئێمە کە لەم یادەدا کۆدەبینەوە و یەکتر دەبینین، گفتوگۆ و پێکەوەدانیشتن و گەڕان بە دوای رێککەوتنمان، بەبیر دێتەوە. دڵنیام ئەمڕۆ ھەمووتان ئارەزووی گفتوگۆ و نەھێشتنی ناکۆکییەکانن، بۆیە داواتان لێدەکەم ئەم ھەستەتان بکەنە دەستپێشخەری و کردار، ھیچ دەستپێشخەرییەک بۆ گفتوگۆ و ڕێککەوتن بە تەنازول و شکست دانەنێن، چونکە ئەوەی گفتوگۆ دەکات و ئەوەی رێکدەکەوێت، ھەمیشە براوەیە".
ھەروەھا نێچیرڤان بارزانی لە بەشێکی قسەکانیدا داوای لە ھەموو لایەنەکان کرد کە رێکبکەون و پێکەوە کار بکەن و گوتی: "ھیوادارم یادی مام جەلال ھاندەر بێت بۆ یەکگرتووییی حیزبە کوردستانییەکان، ھاندەر بێت بۆ پێکەوەدانیشتنی لایەنە عێراقییەکان. لەم یادەدا داوا لە ھەموو حیزبە کوردستانییەکان دەکەم رێکبکەون و پێکەوە کار بکەن، داوا لە ھەموو لایەنە عێراقییەکان دەکەین، لەم یادەدا داوایان لێ دەکەین بیر لەو رۆژانە بکەنەوە کە مام جەلال سەرکۆمار بوو و بە دڵێکی پاکەوە بۆ بەرژەوەندیی ھەموو پێکھاتەکانی عێراق ھەمووانی پێکەوە کۆدەکردەوە، بە ھەمان ئەو دڵگەرمی و ئەو ئامانجە، زۆر پێویستە ئەمڕۆ پێکەوە دابنیشن و کێشەکان چارەسەر بکەن، بە راستی خەڵکی عێراق زۆر بێزار بووە لە ناکۆکییە سیاسییەکانی وڵات، چونکە دەزانێت تا ناکۆکییەکان بەردەوام بن، خزمەتگوزارییەکان کەمتر دەبن، سەقامگیریی و سەروەریی وڵاتیش لاواز دەبێت".
گوتیشی: "ئێستا کە ئەم یادە دەکەینەوە، دەیان بیرەوەریم لەگەڵ مام جەلالدا بە بیر دێنەوە. زۆر جار کە ناکۆکییەک دەھاتە پێشەوە، بە زمانی شیرینی خۆی دەیگوت: وەرە با فسکەفسکێک بکەین! سوپاس بۆ خوا زۆر جار ئەو فسکەفسکانە یارمەتیدەر دەبوون بۆ کەمکردنەوەی کێشەکان و نەھێشتنی ناکۆکییەکان".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان لە کۆتایی قسەکانییدا گوتی: "ئەمڕۆ با ھەموومان ئاوا بکەین و بە ھەمان شێوە بڕیار بدەین کە رێکبکەوین. سازشکردن لە پێناو رێککەوتن و دڵخۆشکردنی گەلدا، سەرکەوتنە و بە ھیچ شێوەیەک شکست نییە بۆ ھیچ لایەک، رۆحی مام جەلال شاد بێت و یادی ھەمیشە بە خێر بێت و ھەموو لایەکتان بەخێر بێن و زۆر سوپاس".
سەرکۆماری پێشووتری عێراق و سکرتێری گشتیی پێشووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، جەلال تاڵەبانی لە رۆژی سێی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ دوای چەند مانگێک مانەوە لە نەخۆشخانەیەکی بەرلینی ئەڵمانیا، بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.
news_share_descriptionsubscription_contact

