Zana Natık Kerem
04 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2026
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان.
سەرۆکایەتی ھەرێم لە ڕاگەیاندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە لە دیدارەکەدا، پەیوەندییەکانی تورکیا لەگەڵ عێراق و ھەرێمی کوردستان، دۆخی سیاسیی عێراق و پەرەپێدانی ھاوکاریی دوو لایەنە، بەتایبەت لە بواری ئابووری و بازرگانیدا، تاوتوێ کراون و لەمبارەیەوە جەخت کراوەتەوە لەسەر گرنگیی بەردەوامیی ھەماھەنگی لە پێناو پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.
بەپێی ڕاگەیاندراوەکە ھەر لە دیدارەکەدا،ھەردوولا بیروڕایان لەبارەی دۆخی سیاسی لە ھەرێمی کوردستان و ھەوڵەکان بۆ تێپەڕاندن و چارەسەرکردنی کێشە ناوخۆیییەکان ئاڵوگۆڕکردووە، ھەروەھا دیالۆگ و لێکگەیشتنی ھەولێر ـ بەغدایان بۆ چارەسەرکردنی کێشە ھەڵپەسێردراوەکان، بە پێویست زانیوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە تەوەرێکی دیکەی دیدارەکەدا، گفتوگۆکراوە لەبارەی پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، دوایین پێشھاتە ھەرێمییەکان و دۆخی ناوچەکە و لەوبارەیەوە ھەردوولا ھاوڕا بوون لەسەر گرنگیی چارەسەرکردنی ئاشتیانەی کێشە و ناکۆکییەکان و پاراستنی ئارامی و سەقامگیری.