Zana Natık Kerem
04 حوزەیران 2026•نوێکردنەوە: 04 حوزەیران 2026
سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەسعود بارزانی پێشوازی کرد لە باڵیۆزی تورکیا لە عێراق، ئانل بۆرا ئینان.
بەپێی ڕاگەیاندراوێکی بارەگای بارزانی لە دیدارەکەدا بیروڕا لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و شەڕ و گرژییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە ئاڵوگۆڕ کراوە.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا باس لەوەش کراوە کە لە دیدارەکەدا، ئانل بۆرا ئینان و پێزانینی وڵاتەکەی بۆ دانبەخۆداگرتن و سیاسەتی حەکیمانەی ھەرێمی کوردستان نیشان داوە کە وێڕای بوونی ھەوڵ بۆ تێوەگڵاندنی ھەرێم و بوونی دەستدرێژی و بوردومانی بەردەوام بۆسەر ھەرێم، بەڵام ھەرێم بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵی دا، نەبێتە بەشێک لەو شەڕ و گرژییانەی لە ناوچەکەدا ڕووی دا.
ھەر بەپێی ڕاگەیاندراوەکە لە بەشێکی دیکەی دیدارەکەدا، باس لە بارودۆخی دوای پێکھێنانی حکوومەتی عێراقی و پەیوەندییەکانی نێوان ھەرێم و بەغدا و ھەروەھا پەیوەندیی نێوان پارتی و لایەنە سیاسییەکانی عێراق کراوە و لەوبارەیەوە ھەردوولا ھیوای ئەوەیان خواست کە ھەوڵەکان بە ئاقاری چارەسەرکردنی کێشەکان و ھەماھەنگیی تەواو لەبوارە جیاجیاکان و نەھێشتنی گرفتەکاندا بچن.
لە ڕاگەیاندراوەکەدا، ئەوەشخراوەتەڕوو کە ھەر لە میانی دیدارەکەدا، ڕۆشنایی خراوەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان عێراقی فیدڕاڵیی و ھەرێمی کوردستان و تورکیا، ھەروەھا گفتوگۆ کراوە لەبارەی دەرئەنجامەکانی دوایین سەردانی سەرۆکوەزیرانی ھەریمی کوردستان بۆ تورکیا کرا و جەختیش لە پەرەپێدانی پەیوەندی و دۆستایەتیی نێوان ھەردوولا کراوەتەوە.
لە ڕاگەیاندراوەكەدا باس لەوەش كراوە كە هەر لە میانی دیدارەكەدا، بارودۆخی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان و ھەنگاوەکان بۆ وەگەڕخستنی پڕۆسەی سیاسی، تاوتوێ كراوە.