Sangar Hamad Azeez
09 ئاب 2016•نوێکردنەوە: 09 ئاب 2016
لە میانی کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا پارێزگاری کەرکووک، نەجمەددین کەریم بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی رەتکردەوە کە بڕیاری داوە لە ساڵی ٢٠١٧دا هەڵبژاردن بۆ ئەنجوومەنی پارێزگاکانی عێراق بکرێت جگە لە هەردوو پارێزگای کەرکووک و مووسڵ.

پارێزگاری کەرکووک، نەجمەدین عومەر کەریم گوتی: "بەهەموو شێوەیەک بڕیارەکەی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق رەتدەکەینەوە لەبارەی ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک. ئەم هەنگاوە بەشێکە لە پیلانی بێبەشکردنی کەرکووکییەکان لە مافە دیموکراسییەکانیان و بەکارهێنانی دەسەڵاتی تایبەتی لە داهاتوودا".
پارێزگاری کەرکووک جەختی کردەوە لەوەی کە ئەم هەنگاوەی حکوومەتی ناوەند ناحەقییە بەرامبەربە کەرکووک و گوتی: "مافی دەنگدان بەو برا ئاوارانەی ئەنبار، تکریت و دیالە دەدەن کە ماوەی دووساڵە پەنایان بۆ کەرکووک هێناوە و خواردن و خواردنەوە و کارەبا و تەواوی پێداویستی شارەکە بەکار دەهێنن، بەڵام ماف بە هاوشارانمان نادەن کە لە زێدی خۆیانن هەڵبژاردن بکەن و بێبەشیان دەکەن. ئەمە بەهیچ جۆرێک قابیلی قبووڵ نییە و لە دژی ئەمە هەنگاوی پێویست دەنێین".
ناوبراو گوتیشی: "من لێرەوە هەموو کەرکووکییەکان دڵنیا دەکەمەوە کە ئەگەر بێت و رێگر بن لە دەنگدانی کەرکووکییەکان ئەوا رێگە نادەین هیچ لەو ئاوارانەی کە لە کەرکووکن دەنگ بدەن".