ھەولێر (AA)
محەمەد تۆفیق رەحیم، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان ئەمڕۆ شەممە بە (AA)ی راگەیاند: رێکخەری گشتی بزووتنەوەکەیان ویستوویەتی بچێتە تورکیا، بەڵام بۆی رێنەکەوتووە.
مانگی ئەیلولی ساڵی پار، دەوڵەتی تورکیا بەڕەسمی داوەتی (نەوشیروان مستەفا) رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕانی کرد تا بچێتە ئەو وڵاتەو لەنزیکەوە دیدارو وتووێژ لەگەڵ بەرپرساندا بکات.
محەمەد تۆفیق رەحیم لەبارەی دواخستنی ئەو سەردانە گوتی "چەند جارێک رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆران، ویستوویەتی سەفەر بکات بۆ تورکیاو لە نزیکەوە لەگەڵ کاربەدەستانی ئەو وڵاتە کۆببێتەوە، بەڵام بەھۆی ھەلومەرجی سیاسیی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان، کاک نەوشیروان بۆی نەکراوە سەردانی تورکیا بکات".
لەبارەی ئەگەری ئەنجامدانی سەفەری نەوشیروان مستەفا لەمساڵدا، بەرپرسی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، ھیچ زانیارییەکی نەدا بەڵام گوتی " بزووتنەوەی گۆڕان بایەخ بەوە دەدا پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پەرە پێبدات".