ئەنقەرە
وەزیری دادی تورکیا (سەعدوڵا ئەرگین) رایگەیاند: حکومەتی تورکیا بەھاریکاریی دامەزراوە جیاجیاکان، درێژە دەدات بەپرۆسەکانی ریفۆرم و ئاشتی لەوڵات و لەسەر بنچینەی رێککەوتنەکان کە ھەشت مانگە دەستیپێکردووە ھەنگاو دەنێ.
ئەرگین دوێنێ شەو بەشداریکرد لەبەرنامەیەکی تەلەڤزیۆنیKanal ٧ی تورکی و گوتی " ئێستا لەھەموو شتێ گرنگتر ئەوەیە کەس نەبێتە قوربانی، ئیتر گرنگ نییە پرۆسەی ئاشتی چۆن دەڕوات بەڕێوە، چونکە پرۆسەکانی ریفۆرم و ئاشتی ھەروا درێژەیان ھەیە".
وەزیری دادی تورکیا ئاشکرایکرد ئێستا (لیژنەی ھەماھەنگی دەستوریی) لەسەر ٦٠ مادەی دەستوریی رێککەوتوون و خوازیار بوو ھەرچی زووترە دەستورێکی تازە بۆ تورکیا بنووسرێتەوە.
ھاوسەرۆکی پارتی کرێکارانی کوردستان(جەمیل بیاک) رەخنەی لەپرۆسەی ئاشتی گرت و دەست نیشانیکردبوو تا ناوەڕاستی مانگی ١١ی ئەمساڵ دەبێ چەند گۆڕانکارییەک بکرێن. وەزیری دادی تورکیا لەوبارەیەوە گوتی " ھەشت مانگە ھەموو لایەک ھەوڵی گۆڕانکاریی جدی دەدەین . بۆیە رەوا نییە کەس ھەڵوێستی لەو جۆرەی ھەبێ و بۆ خۆی وادە دیاری بکات بۆ قۆناغەکە".