26 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 27 تشرینی یەکەم 2017
نەینەوا - AA
ئەفسەر لە فیرقەی ١٦ی سوپای عێراق، رائید كازم حوسێن موسەوی رایگەیاند "شاندێكی حكوومەتی فیدراڵ لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە رێککەوتن لەسەر ھێورکردنەوەی رەوشی ناحیەی زوممار باكووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا و راگرتنی شەڕ و پێكدادان لە ناوچەكە".
كازم حوسێن موسەوی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "شەڕ و پێكدادانی نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان لە ناحیەی زوممار باكووری رۆژئاوای پارێزگای نەینەوا بە شێوەیەكی کاتی راگیراوە ئەوەش دوای ئەوەی هەردوولا لە سەر ھێورکردنەوەی رەوشی ناوچەكە رێككەوتن".
ئەفسەرەكە ئاماژەی بەوەشدا كە شاندێكی حكوومەتی فیدراڵ گەیشتووەتە زوممار و لە ئێستادا لەگەڵ فەرماندەكانی پێشمەرگە لە دانوستاندان لە پێناو دووبارە بڵاوبوونەوەی هێزە عێراقییەكان لە ناوچەكانی باكووری زوممار بكەن تا دەگاتە دەروازەی فیشخابور كە دەكەونە چوارچێوەی ناوچە جێناكۆكان.
پێشتر ئەفسەر لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا، عەقید ئەحمەد جبوری بە ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاندبوو كە ئەمڕۆ لە میانی هەوڵەكانی حكوومەتی فیدراڵ بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی ناوچەكانی باكووری ناحیەی زوممار تا دەگاتە دەروازەی فیشخابور لە پارێزگای نەینەوا، شەڕ و پێكدادان لە نێوان پێشمەرگە و هێزە عێراقییەكان رووی دا.