ههولێر- شوان سدیق
رەوشی ئاسایشی هەرێمی كوردستان، بەراورد بە ناوچەكانی دیكەی عێراق ئارام و ئاسایشی پارێزراوە، هاووڵاتییان لە شارەكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك بە ئاسایی ژیان دەگوزەرێنن، سەرەڕای ئەوەش ملیۆن و نیو ئاوارە بەهۆی شەڕی داعش لە پارێزگاكانی نەینەوا و ئەنبار و سەڵاحەدین روویان لە هەرێمی كوردستان كردووە. كەچی وڵاتانی ئەمریكا و ئەڵمانیا هۆشداری لە كاری "تیرۆریست"ی بە هاووڵاتیانیان دەدەن.
رۆژی هەینی و شەممەی رابردوو بەشێك لە میدیاكان لە هەرێمی كوردستان، بەناوی كۆنسوڵخانەی ئەمریكا و ئەڵمانیا بڵاویان كردەوە كە هەردوو نوێنەرایەتی دیپلۆماتی ئەو دوو وڵاتە هۆشداریان داوەتە هاووڵاتییانیان لە شاری هەولێر روو لە شوێنەكانی گشتی نەكەن و وریابن لە روودانی هەر ئەگەرێك.
هەروەها ئەو دوو كۆنسلۆخانەیە ئەوەشیان راگەیاندووە، كە پێویستە هاووڵاتییانیان ئاگاداربن روو لە هەموو شوێنێك نەكەن لە شاری هەولێر و داوایانكردووە، كە پێویستە دەزگاكانی ئاسایشپارێز زیاتر چاو كراوە بن.
ئەو دوو ئاگادارنامەیەی ئەمریكا و ئەڵمانیا پرسیاری لای هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان و شەقامی كوردی دروستكردووە، لە وەڵامدا حكوومەتی هەرێمی كوردستان رەتی دەكاتەوە هیچ مەترسیەك بۆ سەر ئاسایشی هەرێمی كوردستان بێت.
ماڵپەری حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە زاری سەفین دزەیی گوتەبێژی حكوومەت بڵاوی كردەوە، هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان، دڵنیا دەكەینەوە، كە هیچ جۆرە هەڕەشە و مەترسیەك لەسەر ژیانیان نییە".
هەروەها دزەیی جەختی لەسەر ئەوەشكردووەتەوە، دەزگاكانی پۆلیس و ئاسایش بەوپەڕی چاوكراوەیی لەخزمەت ئارامی و سەقامگیری هەولێر و تەواوی هەرێمی كوردستاندان".
جێگری لیژنەی نێوخۆ و ئاسایش لە پەرلەمانی كوردستان، نازم كەبیر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەڵێت "بڵاو كردنەوەی ئەو بەیاننامانە بەو مانایە نییە بارودۆخی ئاسایشی هەرێمی كوردستان تێكچووە، نەخێر ئەوە پەیوەندی بەوەیە كە پێویستە دەزگاكانی ئەمنی و هاووڵاتییانیش هۆشیار بن".
جێگری لیژنەی نێوخۆ گوتیشی: "توندوتۆڵی باری ئاساییش لە هەرێم تەنیا پەیوەندی بە نوێنەرایەتی و بوونی خەڵكی بیانی نییە لە كوردستان، ئێمە بەردەوام ئاسایشی نێوخۆی خۆمان پاراستووە، هەروەها بەردەوامیش ئاسایشی هەرێمی كوردستان، مەترسی كاری تیرۆریستی لەسەر بووە".
نازم كەبیر باسی لەوەشكرد رەنگە كۆنسوڵخانەكان زانیاریان لابێت كە هەرێمی كوردستان، مەترسی تیرۆری لەسەربێت، بۆیە ئەوانیش ئاماژە بەوە دەكەن، كە پێوستە دەزگاكانی پەیوەنیدار زیاتر چاو كراوە بن و ئاسایشی هەرێمی كوردستانیش بەرەوپێشتر بچێت.