Zana Natık Kerem
06 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2017
یەمەن ــ AA
سەركردەیەك لە پارتی كۆنگرەی میللی گشتی یەمەن رایگەیاند، هێشتا تەرمی سەرۆكی پێشووی وڵات، عەلی عەبدوڵڵا ساڵح لای حووسییەكانە.
ئەو سەرکردەیە رەتی كردەوە كە حووسییەكان، تەرمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح-یان بەخاك سپاردبێت وەك ئەوەی لە میدیاكاندا بڵاوبووەتەوە.
سەركردەكە كە نەیویست ناوی ئاشكرا بكات بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "حووسییەكان نیازیان هەیە تەرمی عەلی عەبدوڵڵا ساڵح رادەستی هۆزی سەنعان بكەن، بەڵام بۆ ئەوە مەرجەیان داناوە، ئەویش ئەوەیە نابێت هۆزەكە رێورەسمی جەماوەریی بۆ بە خاك سپاردنی تەرمەكەی ساڵح رێك بخەن".
سەرچاوەكە گوتیشی: "حووسییەكان مەرجی ئەوەشیان داناوە كە نابێت تەرمی ساڵح رەوانەی پزیشكی دادوەریی بكرێت، هەروەها نابێت تەرمەكە لە باخچەی مزگەوتی ساڵح لە سەنعا بەخاك بسپێردرێت وەك پێشتر ساڵح داوای كردبوو".
پێشتر لە میدیاكان دەنگۆی ئەوە بڵاوبوویەوە كە گوایە شەوی رابردوو، حووسییەكان تەرمەكەی ساڵح-یان لە سەنعا بەخاك سپاردووە.