Hemin Hüseyin
20 تەمووز 2017•نوێکردنەوە: 22 تەمووز 2017
هەولێر - AA
بۆ وەڵامدانەوە بە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بە مەبەستی ئامادەکاری بۆ بەڕێوەبردنی هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم، کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و راپرسی لە هەرێمی کوردستان کۆبوویەوە.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران کرد و رایگەیاند کە لە داھاتوودا بە فەرمی وەڵامی ئەو فەرمانە ھەرێمییە دەدەنەوە کە تایبەتە بە دیاریکردنی وادەی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمان.
گوتەبێژی ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردن و راپرسیی ھەرێمی کوردستان، شێروان زرار نەبی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا گوتی: "ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران، فەرمانەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانی خستووەتە بەرنامەی کاری خۆی و گفتوگۆی لە بارەوە کردووە و لە کاتێکی نزیکدا وەڵامی فەرمانەکە دەدەینەوە".
بڕیاربوو کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی باڵای کۆمسیاران لە کۆمسیۆنی هەڵبژاردن و راپرسی هەرێمی کوردستان، کاتژمێر ١١ی پێش نیوەڕۆ کۆتایی پێ بێت بەڵام بە هۆی رێکنەکەوتنی لایەنەکانی ناو کۆبوونەوەکە، کۆبوونەوەکە بۆ کاتێکی دیکە، دواخرا.
رۆژی چوارشەممە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی بە فەرمانێک رۆژی ١ی تشرینی دووەمی ٢٠١٧ی وەک وادە بۆ ئەنجامدانی ھەردوو ھەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان دیاری کرد.