Hemin Hüseyin
15 ئاب 2017•نوێکردنەوە: 16 ئاب 2017
هەولێر - AA
لە میانی بەشداریکردنی لە سێیەمین دیداری زانکۆی سەڵاحەددین بە ناونیشانی ریفراندۆم و چارەنووسی هەرێمی کوردستان، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف تیشکی خستە سەر رۆڵی نەتەوەی تورکمان لە پڕۆسەی سیاسییدا و ئاماژەی بە فەرهەنگی پێکەوەژیانی نەتەوەکان کرد لە هەرێمی کوردستان.
لە دیدارەکەدا، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراق، ئایدن مەعروف گوتی: "بەشداریکردنی پێکهاتەکان لە پەرلەمانی کوردستان وێنەیەکی جوانی نیشانداوە، ئێمە پێشتریش دووپاتمان کردووەتەوە کە وەکو پێکهاتەی تورکمان وای دەبینین کە ریفراندۆم مافێکی سرووشتییە و خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەو مافەیان هەیە بە تایبەت نەتەوەی کورد کە داوا دەکات گشتپرسی بکرێت و بەرەو سەربەخۆیی بڕوات، بەڵام دەبێت ئەوە بپرسین کە لە کاتی گۆڕانکاری چۆن بەرژەوەندی پێکهاتەکان دەپارێزرێت و شێوازەکەی چۆنە. ئێمە وەک تورکمان هیچ گرفتێکمان نییە بەڵام دەبێت ئەوەش بپرسین کە ئەم گشتپرسییە لە چ ناوچەیەک دەکرێت و بە چ شێوازێک دەکرێت و رۆڵی پێکهاتەکان چۆن دەبێت".
گوتیشی: "ئەو ناوچانەی لە دەرەوەی هەرێمن وەکو تەلەعفەر و شنگال و کەرکووک و مووسڵ، لە دوای هاتنی داعش و رۆلی پێشمەرگە، توانرا متمانەیەک لە نێوان تورکمان و کورد دروست بکرێتەوە، هەروەها ئەوانەی پشتیوانی لە ریفراندۆم ناکەن دەبێت هۆکارەکەی بزانرێت، دەبێت پێداوچوونەوە بە سیاسەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بکرێت، چونکە ئەو لایەنە سیاسییانەشی کە خاوەن دەسەڵاتن لە ناوچەکانی دیکە نەیانتوانیووە ئەو متمانەیە دروست بکەن".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف گوتی: "حکوومەتی عێراق لەو ماوەیەدا نەیتوانی کەشێکی دیموکراسی لە بەغدا و کەرکووک و هەرێمی کوردستان دروست بکات و نەیتوانی سیاسەتێکی دادپەروەرانە دروست بکات و دەزانین کە حکوومەتی عێراق نا دادپەروەر بووە بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان، ئێمە نامانەوێت کە حکوومەتی عێراق ئەو نادادپەروەرییە بەرامبەر پێکهاتەکان دروست بکات".
ناوبراو هەروەها گوتی: "دەمەوێت دووپاتی بکەمەوە کە پێکهاتەی تورکمان و کورد زۆر گرنگن و لە یەکتر نزیکن و ئەم پێکەوەژیانەی ئەم دوو نەتەوەیە، پەیوەندییەکان لایەنە سیاسییەکان دروستیان نەکردووە و پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم پەیوەندیانە بکرێت. ئێمە لەگەڵ ئەوە نین کە پێکهاتەیەکی گرنگی هەرێم کە تێبینی هەبوو، ئەوا لایەنی سیاسیی هەستێت بە دروستکردنی نوێنەر و ئێمە ئەوە بە باش نابینین، لەبەر ئەوە ئێمە لەم قۆناغەدا زیاتر پێویستیمان بە تەبایی هەیە. لە دەورووبەری مووسڵ و ناوچەکانی باشووری کەرکووک تاوەکو ئێستا مەترسی گرووپە چەکدارەکانی داعش هەیە و دوای کۆتاییهاتنی داعش، دەبێت لە چوارچێوەی یاسادا بۆچوونی پێکهاتەکان و کێشەکانی ئەو ناوچەیە چارەسەر بکرێت و نابێت هیچ فشارێک هەبێت".
سەبارەت بە کاراکردنەوەی پەرلەمانیش، ئایدن مەعروف گوتی: "ئێمە دەمانەوێت پەرلەمان کارابکرێتەوە، دووپاتی دەکەمەوە کە دوای ٢٠٠٣ کە دەستووری عێراق نووسرا، هیچ کاتێک لەبیرمان نەکردووە کە سەرۆکی هەرێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رۆڵێکی باڵای هەبوو کە بەرگری لە مافی پێکهاتەکان و رۆڵی مام جەلالیش بە هەمان شێوە بوو، بۆیە ئێمە دەمانەوێت کە دەسەڵاتی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان سەیری مافی هەموو پێکهاتەکان وەکو یەکتر بکەن".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بەرەی تورکمانی عێراقی، ئایدن مەعروف ئاماژەی بەوەشکرد کە هیچ ترس و دەڕاوکێیەک نییە وپێی وایە پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان لە ئێستادا لە ئاستێکی بەرزدایە و گوتی: "هیچ ترس و دڵەڕاوكێیەک نییە، ئەگەر سەیر بکەین تورکیا رۆڵێکی باڵای هەیە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست. تورکیا لە هەموو کات زیاتر پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهێزترە و ئێمەش پشتیوانی لەو پەیوەندییانە دەکەین و حەز دەکەین رۆژ بە رۆژ پەیوەندییەکان بەرەو باشتر بڕوات".